Accessibility links

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە


سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی
سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی

دەسەڵاتی هەڵبژاردنەکانی میسر ڕایگەیاند سەرۆکی میسر عەبدلفەتاح ئەلسیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا سەرکەوتووە و بۆ شەش ساڵی دیکە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، لە سەدا 89.6 ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە.

بەرپرسی دەسەڵاتی هەڵبژاردنەکانی میسڕ حازم بەدەوی وتی لە سەدا 66.8 ی خەڵکەکە دەنگیداوە و ئەمەش ڕێژەیەکی " بێپێشینە " بووە.

زیاتر لە 39 ملیۆن کەس دەنگییان بە سیسی داوە، کە پێشتر سەرکردەی سوپای میسر بووە و ماوەی 10 ساڵە سەرۆکایەتی وڵاتێک دەکات کە زۆرترین دانیشتووی عەرەبی تێدایە.

حازم عومەری ڕکابەری کە ڕابەرایەتی پارتی کۆماری گەل دەکات، لە سەدا 4.5 ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە. دواتر هەریەک لە فەرید زەهرانی ڕابەری سۆشیاڵ دیموکراتەکانی میسر و عەبدول سەنەد یەمامەی پارتی وەفد دێن.

ئێستا سیسی خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی چواردا دەستپێدەکات، بەپێی دەستووری میسریش، ئەمە دوایین خولی سەرۆکایەتی دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی میسر ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی ئابووری بووەتەوە، سەرکەوتنی سیسی شتێک نییە خەڵکەکە توشی سەرسوڕمان بکات، لە کاتێکدا کە گرژییەکان بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە زیادبوون.

نرخی دراوی میسری دابەزیوە و هەڵاوسانی ساڵانە لە لە سەدا 36.4 دایە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک لە خۆراکەکان و زیانی گەیاندووە بە داهاتی خەڵکەکە.

تەنانەت پێش قەیرانە ئابوورییەکەی ئێستاش، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانە 106 ملیۆن کەسییەکەی میسر لە ژێر یاخود لەسەر هێڵی هەژاری ژیاون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG