Accessibility links

میسرییەکان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن لە هەڵبژاردنێکدا کە جەنگەکەی غەززە باڵی بەسەردا کێشاوە


هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد و هاووڵاتییان بەرەو سندووقەکانی دەنگدان ڕۆیشتن، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و جەنگەکەی ناو غەززەی دەرەوەی سنوورەکانی بووەتەوە.

ئەگەر سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح سیسی بۆ شەشەمین جار لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت ئەوا ئەرکی سەرەکی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی ئابووری دەبێت کە گەیشتۆتە نزیک ئاستێکی پێوانەییەوە، هەروەها هەوڵی ڕێگریکردن دەدات لە پەرەسەندنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بە ناوچەکەدا.

دەنگدانەکە کە لە 9 ی بەیانییەوە دەست پێدەکات و تاوەکو 9 ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیارە ئەنجامەکانیش لە 18 ی مانگی دوانزەدا ڕابگەیەندرێن.

ڕەخنەگران هەڵبژاردنەکە بە ساختە ناو دەبەن، ئەوەش بەهۆی " سەرکوتکارییەکانی حکومەتەکەی سیسییەوە دژی ناڕەزایەتییەکان کە 10 ساڵە بەردەوامە." دەزگای ڕاگەیاندنی حکومەت بە هەنگاوێک بەرەو فرەیی سیاسیی ناوی بردووە.

ڕکابەرە دیارە سەرەکییەکەی سیسی لە مانگی 10 دا کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ڕاگرت و وتی بەرپرسان و دزەکان لایەنگرەکانییان کردووەتە ئامانج، دەسەڵاتی هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکانیش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

بەرپرسان و شیکەرەوەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی میسڕ کە بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنتڕۆڵ کراون داوایان لە میسڕییەکان کردووە دەنگ بدەن، بەڵام هەندێک کەس دەڵێن چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان نەیانزانیوە لە کوێ دەنگ بدەن. هەندێکی دیکەش دەڵێن دەنگدان هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات.

ئایە محەمەدی تەمەن 35 ساڵ وتی " ئاگاداری ئەوەبووم کە هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام نەمزانی کەیە. بەهۆی هەڵمەتە گەورەکەی سیسییەوە لەسەر شەقامەکان زانیم کەی دەکرێت."

وتی " هەست بە هیچ جیاوازییەک ناکەم سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان چونکە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕوونادات."

لە ساڵی 2013 دا سیسی وەکو سەرکردەی سوپا یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسڕ محەمەد نورسی پارتی برایەتی موسوڵمانانی لە کارەکەی دوورخستەوە، نورسی لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتدا سەرکەوتنی بە دەستهێنابوو، ساڵێک دوای ئەوە سیسی لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەدا 97 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا. لە ساڵی 2018 دا بە هەمان شێوە و بە هەمان ڕێژە سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

هەروەها سەرپەرشتی هەڵمەتێکی سەرکوتکردنی چالاکەوانە لیبڕاڵ و چەپەکان و ئیسلامییەکانیشی کردووە. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن دەیان هەزاران کەس زیندانی کراون.

سیسی و لایەنگرانی دەڵێن سەرکوتکردنەکە پێویست بووە بۆ جێگیرکردنی میسڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی ئیسلامی. هەروەها خۆی وەکو نێوەندگر پیشانداوە لە ململانێکانی دەرەوەی سنوورەکانی میسڕدا، لەوانەش لیبیا و سودان و غەززە.

نەبیە ئەحمەدی تەمەن 65 ساڵ وتی " بە دڵنیاییەوە دەنگ دەدەم بە سیسی، خۆشم دەوێت. هەمیشە دەنگ بە سەرۆکەکان دەدەم. من دەنگ دەدەم چونکە ئاسایشم دەوێت بۆ منداڵەکانم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG