وەزیری تەندروستی میسڕ هالە زاید دەستپێکردنی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند.
زاید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنم."
وەزیری تەندروستی میسڕ بەڵێنیدا سەرەتا ڤاکسینەکە بدات بەو کارمەندانەی تەندروستی کە لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادان و دواتر ڤاکسینەکە بدرێت بە کارمەندەکانی دیکە و دواتریش بدرێت بەوانەی تەمەنیان هەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە، لەکۆتایشدا بدرێت بە خەڵکی ئاسایی.
یەکەمین کەس کە ڤاکسینەکەی سینۆفارمی چینی پێدرا لە میسڕ کارمەندێکی تەندروستی بوو، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیسماعیلیە.
زاید وتی " لە سبەینێوە بەشەکانی ڤاکسینەکە بە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بڵاودەکرێتەوە و دواتریش بۆ نەخۆشخانەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکان و پۆلیس دابین دەکرێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس