حکومەتی ئیماڕات وتی ڕۆژی چوارشەممە دەست دەکات بە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر بایۆنتیک و کوتانەکە بە خۆڕایی دەبێت.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوەی دێت لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئیماڕات و بەحرەین پێشنیاری ڤاکسینێکیان کرد کە گروپی دەرمانی نیشتیمانی چین ( سینۆفارم ) پەرەی پێداوە.
ئیماڕات یەکەمین وڵات بوو پێشنیاری ڤاکسینە چینیەکە بۆ دانیشتوانی بکات، لە ماوەی ڕابردوودا وتی کاریگەریی ڤاکسینەکە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەدا 86 بووە، ئەوەش بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی لەمدواییانەدا لە قۆناغەکانی کۆتاییدا ئەنجام دراون.
لیژنەی بەڕێوبەرایەتی قەیران و کارەساتە سروشتیەکان لە دوبەی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ڕۆژی چوارشەممەوە هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر بایۆنتیک دەست پێدەکات و کوتانەکە بەخۆڕایی دەبێت."
لە نامەیەکی لیژنەی تەندروستی دوبەیدا هاتووە دەڵێت قۆناغی یەکەمی کوتانەکە ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان 60 ساڵ یاخود زیاترە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز