سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا نرخی دەرمان بۆ ئەمەریکایـیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر کەمبکرێتەوە، بە تایبەتی بۆ کەسانی بە تەمەن.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی گوتی ناکرێت ئەمەریکایـیەکان دەرمان بە دوو هێندە نرخی خۆی بکڕن و تەنانەت هەندێک دەرمان هەن بە 5 هێندەی نرخی خۆی بە ئەمەریکایـیەکان دەفرۆشرێن.
گوتی بۆیە بەڕێوەبەرایتیـیەکەی بڕیاری دا ئەو بارە گرانە لەسەر شانی ئەمەریکایـیەکان نەهێڵێت و نرخی دەرمان بە ڕێژەی 50% کەمبکرێتەوە و تەنانەت هەندێک دەرمان بە ڕێژەی 60 و 70 و 80 لەسەد کەمبکرێنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەمە یەکەم جارە لە پاش 51 ساڵ لە ئەمەریکا بتوانرێت نرخی دەرمان کەمبکرێتەوە. باسی لەوەش کرد داوای لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان کردووە دەرمان هاوردەبکەن، دەڵێت بەم هەنگاوە خەرجیـیەکانی دەرمان بۆ نزیکەی نیوە کەم دەکاتەوە.
هەروەها گوتی لەوەتای دەسەڵاتی گرتووەتە دەست هەتا ئێستا توانیویەتی بە ڕێژەی 12% نرخی دەرمان کەمبکاتەوە، بەمەش بە ملیۆنان دۆلار لە ئەمەریکایـیەکان گەڕاوەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کەمکردنەوەی نرخی دەرمان، یەکێک بوو لەو بەڵێنانەی سەرۆک ترامپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی 2016 بە ئەمەریکایـیەکانی دا.