Accessibility links

نزیکەی 68 ملیۆن کەس لە باشووری ئەفریکا بە دەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن


کۆمەڵگەی گەشەپێدانی باشووری ئەفریکا ڕایگەیاند نزیکەی 68 ملیۆن کەس لە باشووری ئەفریکا بە دەست کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە دەناڵێنن.

وشکەساڵییەکە کە لە دەستپێکی ساڵی 2024 دا دەستیپێکرد، زیانی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری گەیاندووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و زیان گەیاندن بە ئابوورییەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

سەرۆکەکانی 16 وڵاتی کۆمەڵگەی گەشەپێدانی باشووری ئەفریکا لە هاراری پایتەختی زیمبابوێ کۆبوونەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسەکانی ناوچەکە، بە پرسی ئاسایشی خۆراکیشەوە.

سکرتێری کۆمەڵگەی گەشەپێدانی باشووری ئەفریکا ئیلیاس ماگۆسی وتی نزیکەی 68 ملیۆن کەس کە دەکاتە لە سەدا 17 ی دانیشتوانی ناوچەکە، پێویستییان بە یارمەتییە.

وەرزی باران بارینی ساڵی 2024 دا وەرزێکی بە ئاستەنگ بووە و زۆربەی بەشەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەی ئێل نینۆ بوونەتەوە.

ئەمە خراپترین وشکەساڵییە لە باشووری ئەفریکادا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هۆکارەکەشی تێکەڵبوونی دوو ڕووداو بووە کە یەکێکیان دیاردەی ئێل نینۆی سروشتییە: ئێل نینۆ بریتییە لە گەرمبوونی نائاسایی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای پاسێفیک و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی کەش و هەوای جیهان، ڕووداوەکەی دیکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە بەهۆی گەرمخانەکانی دەردانی گازەوە.

وڵاتانی وەکو زیمبابوێ و زامبیا و مالاوی پێشتر قەیرانی برسێتییان وەکو دۆخێکی کارەساتاویی ڕاگەیاندووە، هاوکات لیسۆتۆ و نامیبیا داوای یارمەتی مرۆییان کردووە.

سەرۆکی کۆمەڵگەی گەشەپێدانی باشووری ئەفریکا جاوۆ لاورینکۆی سەرۆکی ئەنگۆلا وتی ناوچەکە لە مانگی پێنجدا داوای 5.5 ملیار دۆلاری کردووە وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ وەڵامدانەوەی وشکەساڵی، بەڵام بەخشینەکان کەم بوون.

وتی " ئەو بڕەی کە تاوەکو ئێستا کۆکراوەتەوە خوار ئەو بڕەیە کە خەمڵێندراوە و دەمەوێت جەخت لەم داوایە بکەمەوە بۆ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوەکو هەوڵەکانییان دوو هێندە بکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵکەکەمان کە ئێل نینۆ زیانی پێگەیاندوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG