ڕابەری هەرێمی دۆنێتسک کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت وتی دەیەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا مافی خۆیەتی داوای یارمەتی لە " ڕووسیای گەورە " بکات.
دێنیس پوشیلین کە بەشێوەیەکی تاکلایەنانە ڕابەرایەتی دۆنێتسک دەکات کە پێشتر لەلایەن ڕووسیاوە وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ ناسێندرا، وتی پێی باشترە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیادا ئەنجام بدات.
بەڵام لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی بارودۆخی ململانێ درێژخایەنەکانیان هەستیارە و جیاخوازەکان بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان خێراتر کردووە، پیاوانی تەندروست لە 18 ساڵەوە بۆ 55 ساڵ داوایان لێکراوە شەڕ بکەن.
وتی " سەرکەوتوو دەبین. لەگەڵ کەسانێکی لەوشێوەیە سەرکەوتوو دەبین. لەگەڵ وڵاتێکی لەو شێوەیە، ڕووسیای گەورە کە ڕێزی دەگرین و پێی دەزانین، سەرکەوتوو دەبین."
وتیشی " هیچ مافی ئەوەمان نیە شکست بهێنین، یاخود گومان لە سەرکەوتنمان بکەین."
وڵاتانی ڕۆژئاوا وتیان ناساندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا نایاساییە، هاوکات کۆمەڵێک سزای نوێیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا.
پوشیلین کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا هەوڵ دەدەن ناوچەکانیان فراوانتر بکەن، وتی " هێشتا لەو قۆناغەدا نین، ئێستا لە قۆناغێکداین کە هێزەکانی دوژمن لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕن و دەتوانن لە هەر ساتێکدا بێت هێرش بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕابەری دۆنێتسک: دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیادا بکەین بەڵام پێویستمان بە یارمەتی " ڕووسیای گەورە " دەبێت
