Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت کاتی کردار هاتووە


سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت کاتی کردار هاتووە نەک تەنها قسەکردن و دەبێت گۆڕانکاریـیەکان بە شێوەیەک بکرێن بەردەوامیان هەبێت.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا بۆ ڕێبەرانی کۆماری لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا کە هەریەک لە پـۆڵ براین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێس و سیناتۆر میچ مەککۆنێڵ تیایدا ئامادەبوون، دانۆڵد ترامپ گوتیشی هەنگاوی ناوە بە ئاڕاستەی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ خەڵکی ئاسایی وڵاتەکە.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کاردەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمی ئەمەریکایی و وەها دەکات لەو ڕێکەوتنـنامانەی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا واژوودەکرێن مافی ئەمەریکایـیەکان پارێزراوبن.

پاشان جارێکی دیکە ڕەخنەی لە میدیاکان گرت لەسەر قسەکردن لە بارەی ژمارەی ئەو خەڵکانەی لە چالاکیـیەکانی کۆدەبنەوە.

باسی لەو بڕیارانەش کرد کە لەگەڵ دەسـتبەکاربوونی واژوویکردوون، لەوانە دروسـتکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک و ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتەکەدا. گوتیشی ئەمە وەک بەشێـکە لەو بەڵێنانەی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە ئەمەریکایـیەکانی دابوو.

جەختی لەوەش کرد سەلامەتی سنوورەکان مەسەلەیەکی نیشتمانیـیە و نەبوونی ئاسایش هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان. بەڵێنی دا ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە بەهێزتر بکات و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شاری زۆر هەن وەکو شیکاگۆ کە تیایاندا ڕێژەی تاوان زۆر زیادیانکردووە. بەڵێنیشی دا ژێرخانی وڵاتەکە باشتربکات.

باسی لەوەش کرد لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک (ئنڕێکێ پـێنا نیەتا) ڕێکەوتوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاربوو پـێکەوە ئەنجامی بدەن.

سەبارەت بە ڕێکەوتنـنامەی نافتا بۆ بازرگانی ئازاد لە نێوان ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک، سەرۆک ترامپ گوتی لە دژی دەوەستێتەوە و ڕێگە نادات ئەمەریکایـیەکان باجی ئەو ڕێکەوتنـنامەیە بدەن.

هەروەها گوتی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس کاردەکات بۆ مۆرکردنی ڕێکەوتنـنامەی بازرگانی بە شێوەیەک ببنە مایەی زیادبوونی هەلی کار و موچە بۆ ئەمەریکایـیەکان، وە لەگەڵیاندا باج لەسەر چینی مامناوەندی و کۆمپانیا ئەمەریکایـیەکان کەمبکرێنەوە. هەروەها چاکسازی دارایی بکرێت تاوەکو ئەمەریکایـیەکان بتوانن قەرزیان پـێبدرێت و پـیشەسازی ئەمەریکایی ببوژێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو هەوڵی داوە بۆ قایلکردنی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل کارگە لە ناو وڵاتەکەدا بکەنەوە. گوتیشی چاوەڕوانە لەم زووانە ئەنجامی ئەو هەواڵانەی دەربکەون.

هەروەها بەڵێنی دا لەشکری وڵاتەکە بەهێزتربکات و گرنگی بە جەنگاوەرانی دێرین بدات.

جەختی لەوەش کرد پشـتیوانی لە کەرتی وزەی ئەمەریکا دەکات و ئەو یاسایانە ڕادەگرێت کە کۆسـپن لە بەردەم سەرچاوەی کۆنی وزە، لەوانە خەڵوزی بەردین.

جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە سیستەمی تەندروستی براک ئۆباما هەڵدەوەشێنێتەوە و لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ دانانی سیستەمێـکی نوێ.

XS
SM
MD
LG