Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە فەرمی کاندیدکردنەوەی بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند دەکات


سەرۆک ترامپ بە فەرمی کاندیدکردنەوەی لەلایەن کۆماریـیەکانەوە بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەندکرد و هوشداری دا ئەگەربێت و دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکان ببنەوە ئەوا ئەمەریکا بەرەو سۆشیالستی و لەناوچوون دەبەن.

دانۆڵد ترامپ شەوی پـێنجشەممە لە چوارەم و دوایـین شەوی کۆنگرەی کۆماریـیەکاندا، لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی سەدان کەس وتاری پەسەندکردنەکەی بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی پـێشکەش کرد و گوتی" ئەمشەو بە دڵێکی بڕ لە سوپاس و گەشبینیەکی بێ سنوور، بە شانازیـیەوە کاندیدکردنم بۆ پـۆستی سەرۆکی ئەمەریکا پەسەند دەکەم."

گوتی پارتی کۆماری، پارتەکەی ئەبراهام لینکن ئامادەیە پـێشوازی بکات لە ملیۆنان دیموکرات و سەربەخۆ و هەر کەسێک بڕوای بە گەورەیی ئەمەریکا و دڵە باشەکەی ئەمەریکایـیەکان بێت.

هەروەها گوتی لە خولی نوێدا وەک سەرۆک جارێکی دیکە مەزنترین ئابوری لە مێژوودا بنیاددەنێتەوە و بە خێرایی تەواوی کارەکان دەگەڕێنێتەوە وە لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری لە ئەمەریکا دەکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و مەترسیـیەک.

سەرۆک ترامپ گوتیشی ئەم پەتای کۆرۆنایە کە لە تەواوی جیهانی داوە، وا ئێستا ئەمەریکایـیەکان ئازایانە ڕووبەڕووی دەبنەوە و چارەسەری بۆ دادەنێن و بەر لە کۆتایی ساڵ یان زووتر ڤاکسینەکەی بۆ دروستدەکەن و کۆتایی بەم پەتایە دەهێنن.

پاشان گوتی ئەم ئەمەریکا مەزنەی بنیادنراوە ئێستا لە بەردەم مەترسیدایە وە ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی وڵاتەکەدا. گوتی هەرگیز ئەمەریکا پـێشتر وەک ئێستا نەبووە کە دەنگدەری ئەمەریکایی لە بەردەم دوو بژارەی ڕووندابێت، دوو تێڕوانینی جیاواز، دوو فەلسەفەی جیاواز و دوو ئەجێندای جیاواز.

سەرۆک ترامپ گوتی ئەم هەڵبژاردنە بڕیار دەدات ئایە خەونی ئەمەریکایـیەکان ڕزگاری دەبێت و دەمێنێتەوە یان ئەجێندای سوشیالیستی لەناوی دەبات. گوتیشی ئەم هەڵبژاردنە بڕیار دەدات ملیۆنان هەلی کار بە موچەی زۆرەوە بە خێرایی دابینبکرێن یان پـیشەسازی ئەمەریکا نەمێنێت و ملیۆنان کار بەرەو دەرەوەی ئەمەریکا ببرێن.

هەروەها گوتی " دەنگی ئێوە بڕیار دەدات یان ئەوەتا پارێزگاری لەو ئەمەریکایـیانە دەکەین کە پابەندی یاسا دەبن یانیش ڕێگە بە گێرشێوێن و تاوانکاران دەدەین هەڕەشە لە هاوڵاتیانمان بکەن."

سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە تێڕوانینی دیموکراتەکان گرت و گوتی لە کۆنگرەکەی دیموکراتەکاندا جۆو بایدن و پارتەکەی هەر هێرشیان کردووەتە سەر ئەمەریکا، گوایە نیشتمانێکە ستەمی ڕەگەزی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تێدایە. گوتیشی" بۆیە ئەمشەو پـرسیارێکی زۆر ساناتان لێدەکەم: چۆن پارتی دیموکرات داوای ڕێبەرایەتی وڵاتەکەمان دەکات، لە کاتێکدا زۆربەی کاتەکەی تەرخانکردووە بۆ ڕووخاندنی وڵاتەکەمان؟"

پاشان دیموکراتەکانی بە چەپڕەو وێناکرد و گوتی لە تێڕوانینی دواکەوتووی چەپەکانەوە، دیموکراتەکان ئەمەریکا بە ئازادترین و دادپەروەرترین وڵات دانانێن، بەڵکو وەک وڵاتێکی خراپەکار لێی دەڕوانن کە دەبێت لەسەر گوناحەکانی سزابدرێت.

لە درێژەی وتارەکەی کە زیاتر لە یەک کاتژمێربوو، گوتی جۆو بایدن لە ماوەی 47 ساڵی کاری سیاسی، کرێکاران یارمەتیان داوە و پارەیان پێبەخشیوە، بەڵام ئەو لەبری ئەوەی چاکەکەیان بداتەوە کارەکانی بۆ چین و وڵاتانی دیکەی دور ڕەوانەکردووە وە کوڕان و کچانیشی بۆ ئەو شەڕانە ناردووە کە کۆتایـیان نایەت.

سەبارەت بە بێکاری، گوتی بەر لە پەتای کۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی توانیویەتی کەمترین ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکە تۆماربکات، بە تایبەتی لە نێو ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵەک ئەفریکایـیەکان و ئیسپانی زمانەکان و ئەمەریکایـیە بە ڕچەڵەک ئاسیایـیەکان.

گوتیشی لە پاش سەرۆک ئەبراهام لینکن ئەو یەکەم سەرۆکە کە زۆرترن کاری بۆ خەڵکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئەفریکایی کردبێت. گوتی ئەوەی ئەو بۆ خەڵکی ڕەشپـێستی کردووە، جۆو بایدن بە 47 ساڵی کاری سیاسی نەیکردووە.

دانۆڵد ترامپ باسی لەوەش کرد کە چۆن هاتووەتە ناو جیهانی سیاسەتەوە و گوتی چوار ساڵ لەمەوبەر خۆی بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی کاندیدکرد، چونکە نەیتوانیبوو چیتر بەرگەی بینینی ئەو خیانەتە بگرێت کە لە وڵاتەکەی دەکرێت، نەیتوانیوە دەستەوەستان بێت چونکە سیاسیـیەکان ڕێگەیان بە وڵاتانی دیکە دابوو سوود لە ئەمەریکا وەربگرن لە بازرگانی و سنوور و سیاسەتی دەرەوە و بەرگری نیشتمانی.

نمونەی هێنایەوە، گوتی" هاوبەشەکانمان لە ناتۆ زۆر دواکەوتبوون لە پـێدانی ئەو پارانەی لەسەریانە بۆ بەرگری خۆیان بیدەن، بەڵام زۆرم لێکردن بیدەن و ڕازیبوون ساڵانە 130 ملیار دۆلاری زیاتر بدەن کە لە کۆتایـیدا دەگاتە 400 ملیار. ستۆلتنبێرگ سکرتێری ناتۆ، ئەوەی سەرۆکایەتی ناتۆ دەکات، سەرسام بوو و گوتی ئەوەی سەرۆک ترامپ کردی هیچ کەسێکی دیکە نەیتوانیبوو بیکات."

سەبارەت بە ئاسایشی ناوخۆ، سەرۆک ترامپ گوتی لەو ماوەیەی لەسەر دەسەڵاتە سنوورەکانی ئەمەریکا لە هەموو کاتێک زیاتر پارێزراون و پەنابەری ساختە ڕاگیراوە و بازرگانی بە مرۆڤ ڕاگیراوە و 20 هەزار ئەندامی باندە تاوانکاریـیەکان و 500 هەزار تاوانباری بیانی لە ئەمەریکا دەرکراون و دیواری سەر سنووری مەکسیک 300 میلی تەواو بووە و هەموو هەفتەیەک 10 میلی دیکەی دەخرێتەسەر و بەم زووانە تەواودەبێت. گوتیشی هەتا کۆتایی ئەم خولی سەرۆکایەتـیە دامەزراندنی زیاتر لە 300 دادوەری فیدراڵی و 2 دادوەری دادگای باڵای پەسەند دەکات.

لەبارەی سیاسەتی دەرەوە، سەرۆک ترامپ گوتی کاتێک ئەو هاتووەتە سەر دەسەڵات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بێ‌سەروبەریـیەکی تەواودا بووە، داعش پەلاماری دەدا و ئێران سەری هەڵدابوو و شەڕی ئەفغانستان هیچ کۆتایـیەکی لە ئاسۆدا دیار نەبوو، بۆیە بڕیاری دا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران بکشێتەوە و بە پـێچەوانەی سەرۆکەکانی پـێشووی بەڵێنی خۆی بردەسەر لە داننان بە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل و گۆلان لە ژێر سەروەری ئیسرائیلدایە.

هەروەها لە پاش 25 ساڵ بۆ یەکەم جار ڕێکەوتنێکی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتەدی، ئەویش ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتە.

سەرۆک ترامپ گوتیشی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بە تەواوی خەلافەتەکەی داعشی لەناوبرد و ئەبو بەکر ئەلبەغدادی دامەزرێنەری کوشت و هەروەها یەکەم تێرۆستی جیهان قاسم سولەیمانی ئەویش لەناوبرا.

سەرۆک ترامپ لە چەند بەشێکی وتارەکەی جۆو بایدن و تەواوی دیموکراتەکانی بە دژی پـۆلیس و یاسا ناودێرکرد و ئۆباڵی ئەو توندوتیژیـیانەی لە چەند شارێکی ئەمەریکا ڕوویان دا لە ئاکامی کێشەی نێوان پـۆلیس و خەڵکی خستە ئەستۆی دیموکراتەکانەوە.

بەڵام جۆو بایدن وەڵامدانەوەی بۆی هەبوو و لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە نووسی " بیرتانبێت: هەموو نمونەکانی توندوتیژی کە دانۆڵد ترامپ بە توندی ڕەخنەیان لێدەگرێت لەژێر چاودێری خۆیدا ڕوویانداوە. لە ژێر ڕێبەرایەتی خۆی. لە میانەی سەرۆکایەتی خۆی."

سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی چەند جارێک باسی لە پەتای کۆرۆنا کرد و جەختی دەکردەوە کە بەڕێوبەرایەتیـیەکەی زۆر بە باشی ڕێوشوێنی پـێوستی گرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

جۆو بایدن قسەکانی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە و نووسیویەتی"لەو ساتەوەی کۆڤید19 سەری هەڵداوە، سەرۆک ترامپ مەترسیـیەکانی بە کەم نرخاند، ئامادە نەبوو گوێ لە شارەزایان بگرێت، و نەیتوانی کارێک بکات ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرێت. ئێستاش ئێمە باجەکەی دەدەین."

هەروەها کامڵا هێرس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەویش لەم بارەیەوە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" با ڕاشکاوبین: لە سەرەتاوە، ترامپ بڕوای وابوو ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەنگی بخاتە سەر ئەم ڤایرۆسە ئەوا زیان بە بازاڕ دەکەوێت و زیان لە دەرفەتەکانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەدات. ئەمەی بەلاوە گرنگتربوو لەوەی ژیانی ئەمەریکاییەکان بپارێزێت."

سەرۆک ترامپ بە درێژایی وتارەکەی جەختی دەکردەوە کە ئەو لە پـێناو تەواوی ئەمەریکایـیەکاندا تێدەکۆشێت تاوەکو ژیانێکی باشتریان بۆ مسۆگەربکات، بەڵام سیناتۆر بێرنی ساندەرزی دیموکرات هەڵسەنگاندنێکی جیاوازی بۆ کارەکانی سەرۆک ترامپ هەیە و نووسیویەتی " جەنابی سەرۆک، ئەگەر ئەوەندە خەڵکی ئەمەریکات خۆش دەوێت، بۆچی هەوڵ دەدەیت دابەشمان بکەیت لەسەر بنەمای ڕەنگی پێستمان، جێندەرمان، ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووین و ئاینەکەمان؟"

سەبارەت بەوەی سەرۆک ترامپ گوتی ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو هەڵبژاردنێکی پـێشووتر گرنگە، بێرنی ساندەر لەگەڵیدا هاوڕابوو بەڵام بە تێڕوانینێکی پـێچەوانە.

ساندەرز نووسیویەتی" بەڵێ، ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژوودا. تۆش مەترسیدارترین سەرۆکیت لە مێژووی وڵاتەکەماندا. بۆیە سەرناکەویت."

لە دوایـین شەوی کۆنگرەی کۆماریـیەکان، ئیڤانکا ترامپ کچ و ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ، وتارێکی پـێشکەش کرد و ستایشی باوکی کرد بۆ ئەو کارانەی لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی بۆ ئەمەریکایـیەکانی بە ئەنجام گەیاندووە.

گوتی سەرۆک ترامپ توانی ڕێژەی بێکاری بۆ ئاستێک کەمبکاتەوە کە نیو سەدەیە ئەمەریکا ڕێژەی بێکاری وەها نزمی نەبینیوە. گوتیشی چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەمەریکایـیەکانی ڕاگەیاند سەرۆک ترامپ سەنگی دەخاتە سەر گرنگیدان بە منداڵان وە ئێستا بەو کەمکردنەی لە پـێدانی باج کراوە بە هەوڵی کۆماریـیەکان، 40 ملیۆن خێزانی ئەمەریکایی کە منداڵیان هەیە 2 هەزار دۆلار کەمتر باج دەدەن.

لە بەشێکی وتارەکەی، ئیڤانکا باسی لە پەتای کۆرۆنا کرد و گوتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە سەرۆک ترامپ بە خێرایی هەموو تواناکانی حکومەت و کەرتی تایبەتی خستەکار بۆ دروستکردنی ئامێری هەناسەدان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا. گوتیشی بەم نزیکانە ڤاکسینی کۆڤید 19 ئامادەدەبێت.

هەروەها ستایشی باوکی کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیویەتی لە بەدیهێنانی ڕێکەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل. گوتیشی ئەمەریکا پـێویستی بەوەیە سەرۆک ترامپ 4 ساڵی دیکە لە کۆشکی سپـیدا بمێنیتەوە.

XS
SM
MD
LG