Accessibility links

پـۆلیسی شارێکی ئەمەریکا بە سوود وەرگرتن لە زانستی DNA وێنەی نزیک لە دەموچاوی پـیاوکوژێک بڵاودەکاتەوە


پـۆلیسی ناوچەی مۆنتگۆمری ویلایەتی مێریلاند بە سوود وەرگرتن لە زانستی DNA دوێنێ دووشەممە دوو وێنەی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت نزیکن لە شێوەی دەموچاوی پـیاوکوژێـک کە 25 ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەیان خاوەن فرۆشگایەکی کوشتووە.

ئێوارەی 22 ی مانگی سێی ساڵی 1992 کەسێـک چووەتە نێو فرۆشگای شوگەرلۆف ماونتن لە باکوری مۆنتگۆمری و لەوێ شتی کڕیوە، بەڵام لەبەر هۆکارێکی نەزانراو بە چەقۆ پەلاماری خاون فرۆشگاکەی داوە و 20 چەقۆی لێداوە، خاوەن فرۆشگاکەش دەستی کردووەتەوە و هێرشبەرەکەی بریندارکردووە و لە فرشگاکە خوێنی لێ ڕۆیشتووە.

پـۆلیس جگە لە خوێنی هێرشبەرەکە هیچ بەڵگەیەکی دیکەی بەدی نەکرد بۆ دۆزینەوەی پـیاوکوژەکە، بۆیە هەوڵی دا ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرا لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی DNA بزانن پـیاوکوژەکەیان تێدایە یان نا. 20 گومانبار هەبوون، بەڵام هیچیان ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان لەگەڵ ئەوەی پـیاوکوژەکە یەکی نەگرتەوە، ئەمەش وایکرد کەیسەکە لە لاوە دانرێت.

بەڵام ئێستا و لەگەڵ پـێشکەوتنی زانستی DNA بە شێوەیەک کە دەتوانرێت شێوازی نزیک لە دەموچاوی کەسێک دەسـتنیشان بکرێت لە ڕێگەی نمونەی DNA کەیەوە، وا ئێستا کۆمپانیایەک لە ناوچەی ڕێستنی ویلایەتی ڤێرجینیا دەموچاوی پـیاوکوژەکەی وێناکردووە.

پـۆلیس وینەکانی بڵاوکردۆتەوە بەو هیوایەی ئەگەر یەکێـک زانیاری لە بارەیەوە هەبێت ئاگاداریان بکاتەوە.

هەروەها تاقیکردنەوەی DNA ی پـیاوکوژەکە نیشانی داوە بە ڕچەڵەک مایایـیە یان ئەمەریکایی ڕەسەنە، ئەمەش لە وڵاتی مەکسیکەوە دەگرێتەوە هەتا بۆلیڤیای کیشوری ئەمەریکای باشور.

XS
SM
MD
LG