Accessibility links

دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایان کردەوە


سیناتۆری دیموکراتەکان کاثرین کۆرتێز ماستۆ لە ویلایەتی نیڤادا
سیناتۆری دیموکراتەکان کاثرین کۆرتێز ماستۆ لە ویلایەتی نیڤادا

پارتی دیموکراتەکانی ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایان پاراست دوای سەرکەوتنی سیناتۆری دیموکراتەکان کاثرین کۆرتێز ماستۆ لە ویلایەتی نیڤادا، تاوەکو ئێستا دیموکراتەکان 50 کورسییان لە کۆی 100 کورسی ئەنجومەنی سینات بردۆتەوە، کۆمارییەکانیش 49 کورسی.

کۆرتێز ماستۆ لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکادا لە نیڤادا سەرکەوتنی بەسەر ئادەم لاکساڵتی کۆماریدا هێنا، لاکساڵت پێشتر دادوەری گشتی نیڤادا بووە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی " توشی سەرسوڕمان نەبووم بە ئەنجامەکە، زۆر دڵخۆش بووم بە ئەنجامەکە."

بایدن وتی " پێم وایە ئەمە ڕەنگدانەوەی کواڵێتی کاندیدەکانمانە. بە پەرۆشەوەم بۆ دوو ساڵی داهاتوو."

بە بردنەوەی کۆرتێز ماستۆ لە نیڤادا کە دەزگای ڕاگەیاندنی ئەسۆشیەتد پرێس شەوی شەممە ڕایگەیاند، هەروەها بردنەوەی مارک کێڵی دیموکرات لە ئاریزۆنا، دیموکراتەکان ئێستا 50 کورسی ئەنجومەنی سیناتییان بردۆتەوە.

بەڵام یەک کورسی ماوەتەوە کە ئەویش ویلایەتی جۆرجیایە، هەڵبژاردنی سیناتۆری جۆرجیا لە 6 ی مانگی دوانزەدا لە نێوان سیناتۆر ڕافایل وارنۆکی دیموکرات و هێرشیڵ وۆکەری کۆماریدا بەڕێوەدەچێت.

تەنانەت ئەگەر وۆکەریش سەربکەوێت، کە ئەوەش کورسییەکانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات دەکاتە 50 کورسی، هێشتا دیموکراتەکان لە ئەنجومەنەکەدا باڵادەست دەبن چونکە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس سەر بە دیموکراتەکانە و سەرۆکی ئەنجومەنی سیناتە و دەتوانێت دەنگەکان یەکلایی بکاتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG