Accessibility links

دیموکراتەکان پـۆستی سیناتۆرێکی ویلایەتی جۆرجیا دەبەنەوە


ڕافایڵ وارنۆک، کاندیدی دیموکراتەکان

یەک لە دوو کاندیدەکەی دیموکراتەکان بۆ دوو کورسـیـیەکەی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەنجومەنی سینات توانی بەسەر ڕکابەرە کۆماریـیەکەیدا سەرکەوتێت و کاندیدەکەی دیکە بە ژمارەیەکی کەم لە پـێش ڕکابەرە کۆماریـیەکەیەتی، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەی یەکلا نەبووەتەوە.

بەپـێی جیاکردنەوەی 98% ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی سێشەممەی ویلایەتی جۆرجیا، ڕافایڵ وارنۆکی دیموکرات 50.6% ی دەنگەکانی بردووەتەوە و خاتوو کێڵی لۆفلەر، ڕکابەرە کۆماری، 49.4% بەدەستهێناوە، بەمەش ڕافایڵ وارنۆک براوەیە.

هاوکات جۆن ئۆسۆفی دیموکرات هەرچەندە بە چەند هەزار دەنگێک لە پێش سیناتۆر دەیڤد پـێردووی کۆماریـیە، بەڵام ئەو 2% دەنگەی هێشتا جیانەکراونەتەوە، بۆی هەیە ئەنجامەکە پـێچەوانە بکاتەوە.

ئەگەربێت و دیموکراتەکان کورسیـیەکەی دیکەی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەنجومەنی سینات ببەنەوە، ئەوا لە کۆی 100 کورسیـیەکەی ئەنجومەنی سیناتدا دەبنە خاوەنی 48 کورسی. دوو کورسیـیەکەی دیکەی ئەنجومەنەکە لە دەستی دوو سیناتۆری سەربەخۆیە کە زۆر جار دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دیموکراتەکان، بۆیە ئەو کاتە دیموکراتەکان دەتوانن هەموو بڕیارێک کە پـێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی سینات بێت پەسەندبکەن بەبێ ئەوەی پـێویستیان بە کۆماریـیەکان هەبێت، ئەمەش بەو پـێـیەی جێگری سەرۆکی وڵات کە خانم کامڵا هێرس دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنی سیناتە و دەتوانێت دەنگ بدات و بە دەنگی 51 بەرامبەر 50 بڕیارەکان لە ئەنجومەنی سینات پەسەند بکرێت.

بەپـێی دەستوری ئەمەریکا دەبێت هەموو پـرۆژە یاسایەک لە لایەن هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات پەسەندبکرێت بەر لەوەی سەرۆک واژوی بکات و ببێتە یاسا. هەروەها سەرۆک پـێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی سیناتە بۆ دانانی کاربەدەستە باڵاکان لە حکومەتدا.

هەڵبژاردنی داهاتوو لە 8 ی مانگی یازدەی ساڵی 2022 ئەنجام دەدرێت کە تیایدا تەواوی 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ34 سیناتۆر هەڵدەبژێردرێنەوە. جێی ئاماژەیە ماوەی خولی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران 2 ساڵە و لە ئەنجومەنی سینات 6 ساڵە.

XS
SM
MD
LG