Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس لە بارەیەوە ڕەوا نەبوون


سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لەو پـرۆسەیەی کۆنگرێس گرت کە بەڕێوەدەچێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایە سەرۆک دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە یان نا.

دانۆڵد ترامپ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"پـرۆسەکە ناڕەوا بووە. کۆماریـیەکان تەنانەت ناتوانن گەواهیدەرانی خۆیان بهێنن. هەست دەکەم ئادەم شێف لەسەر درۆکانی بە هیچ شێوەیەک سزا نادرێت."

کۆماریـیەکان دەیانەوێت ژمارەیەک کەسی دیکە بۆ گەواهیدان بانگهێشت بکرێن، لەوانە هەنتەر بایدن کوڕی جۆو بایدن جێگری سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو کەسەی ڕاپـۆرتی لەسەر سەرۆک ترامپ دابوو، بەڵام ئادەم شێفی دیموکرات کە سەرۆکی کۆمیتەی هەوالگریـیە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەڕێوەدەبات، ئەم داوایەی کۆماریـیەکانی قبوڵ نەکردووە.

دیموکراتەکان دەڵێن لێکۆڵینەوەکان لەسەر جۆو بایدن و کوڕەکەی نیـیە، بەڵکو لەسەر سەرۆک ترامپە کە ئایە دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆکی وڵات بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان نا.

سەرۆک ترامپ لە 25 ی مانگی حەوت پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام دابوو و بەپـێی ڕاپـۆرتەکان تیایدا هانی دابوو لێکۆڵینەوە بکەن تاوەکو بزانرێت ئایە جۆ بایدن جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا بووەتە هۆی ڕاگرتنی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هەنتەری کوڕی یان نا. دیموکراتەکان دەڵێن ئامانجی ترامپ لەو لێکۆڵینەوەیە لەکەدارکردنی ناوبانگی جۆو بایدنە کە یەکێکە لە ڕکابەرە سەرەکیـیەکانی ترامپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020.

کەسێک کە لە دەزگا هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا کاردەکات بە مەسەلەی تەلەفۆنەکەی زانیبوو و ڕاپـۆرتی لەسەر دابوو و سەرئەنجام ئەم لێکۆڵینەوانەی کۆنگرێسی لێکەوتەوە.

بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا ناوی ئەو کارمەندانە ئاشکرا ناکرێن کە زانیاری دەدەن لەسەر ئەو سەرپـێچیانەی دەکرێن لەلایەن کارمەندان و بەرپـرسانی حکومەتەوە.

XS
SM
MD
LG