Accessibility links

دیموکراتەکان هەردوو کورسیـیەکەی ویلایەتی جۆرجیا لە سینات دەبەنەوە


دیموکراتەکان هەردوو کورسیـیەکەی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەنجومەنی سینات دەبەنەوە و بەمەش کۆماریـیەکان ناتوانن بەبێ پشتیوانی دیموکراتەکان ڕێگری لە هەر پـرۆژە بڕیارێک بکەن کە پـێیان باش نەبێت.

بەپـێی دوا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەی جۆرجیا کە بۆ هەردوو پـۆستی سیناتۆری ویلایەتەکە لە ئەنجومەنی سینات بەڕێوەچوو، هەریەک لە ڕافایڵ وارنۆک و جۆن ئۆسۆف سەرکەوتن بەسەر سیناتۆر دەیڤد پـێردوو و خاتوو کێڵی لۆفلەر، ڕکابەرە کۆماریـیەکانیان.

بەم ئەنجامە، لە کۆی 100 کورسیـیەکەی ئەنجومەنی سینات، کۆماریـیەکان 50 کورسیـیان بەدەستەوە دەبێت و دیموکراتەکان 48 کورسی. دوو کورسیـیەکەی دیکە لە دەستی دوو سیناتۆری سەربەخۆیە کە زۆر جار دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دیموکراتەکان، بۆیە ئەو کاتە دیموکراتەکان دەتوانن هەموو بڕیارێک کە پـێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی سینات بێت پەسەندبکەن بەبێ ئەوەی پـێویستیان بە کۆماریـیەکان هەبێت، ئەمەش بەو پـێـیەی جێگری سەرۆکی وڵات کە خانم کامڵا هێرس دەبێت، سەرۆکی ئەنجومەنی سیناتە و دەتوانێت دەنگ بدات و بە دەنگی 51 بەرامبەر 50 بڕیارەکان لە ئەنجومەنی سینات پەسەند بکرێت.

بەپـێی دەستوری ئەمەریکا دەبێت هەموو پـرۆژە یاسایەک لە لایەن هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات پەسەندبکرێت بەر لەوەی سەرۆک واژوی بکات و ببێتە یاسا. هەروەها سەرۆک پـێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی سیناتە بۆ دانانی کاربەدەستە باڵاکان لە حکومەتدا.

هەڵبژاردنی داهاتوو لە 8 ی مانگی یازدەی ساڵی 2022 ئەنجام دەدرێت کە تیایدا تەواوی 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ34 سیناتۆر هەڵدەبژێردرێنەوە. جێی ئاماژەیە ماوەی خولی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران 2 ساڵە و لە ئەنجومەنی سینات 6 ساڵە.

XS
SM
MD
LG