Accessibility links

جۆو بایدن سەرکەوتنێکی دیکەی بۆ خۆی تۆمارکرد لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی دیموکراتەکاندا


جۆو بایدن جارێکی دیکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر بێرنی ساندەرز تۆمارکرد لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

دوێنێ سێشەممە لە شەش ویلایەت ئەم هەڵبژاردنە بەرایـیە بەڕێوەچووە، (ئایدەهۆ، میشیگن، میسیسپی، میزۆری، نۆرث داکۆتا، واشنتن).

بایدن لە چوار ویلایەت( میشیگن و میسیسپی و میزۆری و ئایدەهۆ) بەسەر ساندەرز سەرکەوت. لە ویلایەتی نۆرث داکۆتا، هەرچەندە ساندەرز بڕێک زیاتر لە بایدن دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام سەرئەنجام وەکو یەک پشتیوانی شاندەکانیان بردەوە و یەکسان بوون.

لە ویلایەتی واشنتن، هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کە 67% ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، هەردووکیان یەکسانن.

هەتا ئێستا بایدن پشتیوانی 823 شاندی بەدەستهێناوە و لە بەرامبەردا ساندەرز تەنیا 663 شاند پشتیوانی لێکردووە. هەر کامیان بتوانێت پشتیوانی 1991 شاند بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020.

هێشتا هەڵبژاردنی بەرایی لە 26 ویلایەت ئەنجام نەدراوە. دوایـین هەڵبژاردن لە 2 ی مانگی شەش بەڕێوەدەچێت، لە واشنتنی پایتەخت و چوار ویلایەت (مۆنتانا، نیو جێرزی، نیو مەکسیکۆ، ساوث داکۆتا).

XS
SM
MD
LG