Accessibility links

وەڵامی دیموکراتەکان بۆ وتارەکەی سەرۆک ترامپ


جۆزێف کەنەدی ئەندامی دیموکراتی نێو ئەنجومەنی نوێنەران لە شاری فاڵ ڕیڤەری ویلایەتی ماسەچوسێتس وتاری وەڵامدانەوەی پارتەکەی بۆ وتارەکەی سەرۆک ترامپ پـێشکەش کرد.

کەنەدی تەواوی ڕەخنەکانی لە بارەی سیاسەتی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپەوە بوو، وە هەر لە سەرەتای وتارەکەیەوە گوتی " ئێمە لە شاری فاڵ ڕیڤەری ماسەچۆسێتسین، ئەو شارەی شانازی دەکات بەوەی بە دەستی کۆچبەران بنیادنراوە."

ئەم تێبینیەی کەنەدی ڕەخنەیەکە لەو لێدوانانەی سەرۆک ترامپ دەیدات لە بارەی سیاسەتی کۆچبەری وڵاتەکە کە دەڵێت بواری بە کەسانی خراپەکار و بێ توانا داوە بێنە ناو وڵاتەکەوە.

پاشان کەنەدی گوتی" لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زۆرێک لە ئەمەریکایـیەکان هەستیان بە ترس و نیگەرانی و توڕەیی کرد. هەروەها هەموومان هەستمان بەو کەلێنانەی نێو وڵاتەکە کردووە. دەنگی کەسانێکی ئەمەریکایـیش دەبیستین کە هەست دەکەن پشتگوێ خراون و دەستبەرداریان بوون."

کەنەدی گوتیشی ڕاستە باری ئابوری وڵاتەکە وایکردووە بەهای بۆرسەکانی ئەمەریکا بەرزببنەوە، بەڵام شکستی هێناوە لەوەی داهاتێکی وەها بۆ کرێکاران دابین بکات کە شایستەین.

گوتیشی حکومەت هەوڵ دەدات بە کراوەیی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناکۆکیـیەی لە نێو ئەندامانی کۆنگرێسدا هەیە سەبارەت بە بودجە کە لە ئێستادا بودجەیەکی کاتی پەسەندکراوە و لەم مانگدا تەواو دەبێت و ئەگەربێت و هەتا ئەو کاتە یاسادانەران بە ڕێکەوتنێک لەسەر بودجە نەگەن ئەوا بەشێکی زۆری دامودەزگا فیدراڵیـیەکان دادەخرێن هەتا یاسای بودجەی ئەمساڵ پەسەند دەکرێت.

پاشان باسی لە ڕووسیا کرد و گوتی وەهای لێهاتووە دەستوەردەداتە نێو قوڵایی دیموکراسیەتی ئەمەریکا. گوتیشی پاراستنی ژینگەش دووچاری پاشەکشە بووە، وە وەزارەتی داد وەهای لێهاتووە ڕۆژانە مافە سیڤیلیـیەکان بەرتەسک‌دەکاتەوە.

کەنەدی گوتیشی ئێستا ڕق و کینە و خۆ بە زلزانین لە جادەکانی ئەمەریکا هەستی پـێدەکرێت. پاشان باسی لەو هێرشە چەکداریانەش کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتەکە کراونەتە سەر خوێندکاران و سەر کۆنسێرت و گردبوونەوە و شوێنە گشتیـیەکان و جێگاکانی خودا پەرستی.

پاشان گەنەدی گوتی "ئەم بەڕێوەبەرایەتیـیە تەنیا ئەو یاسایانە ناکاتە ئامانج کە دەمانپارێزن، بەڵکو باوەڕی ئەوەی هەموومان شایستەی پاراستنین دەکاتە ئامانج . ئەوان پـێیان وایە شکۆمەندی شتێک نیـیە کە لە دایک دەبیت خاوەنی بیت، بەڵکو لای ئەوان شکۆمەندی پـێوانە دەکرێت بە سەروەت و سامان و ناوداری و پلە و پایە و ڕەگەز و ڕەنگی پـێستت و کێ دەبێتە هاوسەرت و لە کوێ لە دایکبوویت و ئەو خوداوەندەشی نوێژی بۆ دەکەیت."

جۆزێف کەنەدی گوتی ئەوان وەکو دیموکرات لە هەموو ڕوویەکەوە داکۆکی لە مافی هەموو ئەمەریکایـیەکان دەکەن، لەوانە موچە و خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان. بەڵام گوتیشی ڕەوا نیـیە موچەی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان 300 هێندەی موچەی کرێکارێک بێت.

دواتر گوتی دیموکراتەکان بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە مافی هەموو ئەمەریکایـیەکان و ئەوانەشی ڕوویان لەم وڵاتە کردووە تاوەکو بیکەنە نیشتمانی خۆیان.

XS
SM
MD
LG