Accessibility links

کامڵا هێرس بە فەرمی کاندیدکردنی بۆ پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پەسەند دەکات


کامڵا هێرس بە فەرمی کاندیدکردنی خۆی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پەسەندکرد، بەمەش بووە یەکەم ژنی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک هندی و جامایکایی بۆ ئەم پـۆستە باڵایە کاندید بکرێت.

خانم هێرس شەوی چوارشەممە، لە سێـیەم شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکاندا، کاندیدکردنەکەی پەسەندکرد پاش ئەوەی وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا باسی لە ژیانی خۆی کرد کە چۆن دایکی لە پاش جیابوونەوەی لە باوکی، خۆی و خوشکەکەی گەورە کردووە و فێری کردوون شانازی بکەن بەوەی ژنی ڕەش پـێستی بەهێزن و هەروەها هندیشن.

کامڵا هێرس ڕەخنەی لە سەرۆک ترامپ گرت و گوتی "ئەوەی ئێستا لە وڵاتەکە ڕوودەدات لە مردن و لەدەستدانی کار و نایەکسانی و ڕەگەزپەرستی لە ئەنجامی ڕێبەرایەتی شکستخواردووی سەرۆک ترامپە."

داواشی لە ئەمەریکایـیەکان کرد دەنگ بە جۆو بایدن هەتا کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەربکات.

هەر لە کۆنگرەکەی شەوی ڕابردوو براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا، وتاری پـێشکەش کرد، گوتی سەرۆک ترامپ بە درێژایی نزیکەی چوار ساڵ هیچ گرنگیـیەکی بە سەرۆکایەتی نەداوە و تەنیا ویستویەتی سەرنج بۆخۆی ڕابکێشێت. گوتیشی سەرۆک ترامپ لە پـۆستەکەی شکستی هێناوە و ئەوەش بووەتە مایەی زیانێکی گەورە لە وڵاتەکە، لەوانە مردنی 170 هەزار ئەمەریکایی.

دیموکراتەکان سەرۆک ترامپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کەمتەرخەمی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە هەتا ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشیـیە زیاتر لە 170 هەزار ئەمەریکایی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 5 ملیۆن تووشی نەخۆشیـیەکە بوون. بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپیش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویستی گرتووەتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایە، لەوانە تەرخانکردنی ملیاران دۆلار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشیـيەکە و یارمەتیدانی ئەوانەی بەهۆی پەتاکەوە کارەکانیان لەدەستداوە.

هێلەری کلنتن، وەزیری پـێشووی دەرەوە و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2016 ، ئەویش وتارێکی پـێشکەش کرد. تیایدا هوشداری دا بە دیموکراتەکان و لایەنگرانیان لەوەی گرنگە هەموویان دەنگ بدەن تاوەکو سەرکەوتنی جۆو بایدن و کامڵا هێرس مسۆگەربکەن. ئاماژەی بۆ قسەکانی سیناتۆر بێرنی ساندەرز و میشێل ئۆباما خانمی پـێشووی یەکەمی ئەمەریکا کرد کە گوتبوویان ئەگەربێت و سەرۆک ترامپ دووبارە هەڵببژێردرێتەوە ئەوا خراپتر دەبێت.

نانسی پـڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە کۆنگرەکەی شەوی ڕابردوو وتاری هەبوو. ئەویش ڕەخنەی توندی لە سەرۆک ترامپ و کۆماریـیەکان گرت و ئۆباڵی زیانەکانی ئاکامی پەتای کۆرۆنای خستە ئەستۆیان.

هاوکاتی پەخشکردنی کۆنگرەکە، سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە وەڵامی کورتی براک ئۆبامای دایەوە وە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت نووسی" ئەو سیخوڕی بەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەمدا کردبوو و پـێوەی گیرا."

سەرۆک ترامپ پـێشتریش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی براک ئۆباما و جۆو بایدن لە پـێش و دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 بە شێوەیەکی نایاسایی سیخوڕیـیان بەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا کردبوو.

هەروەها سیناتۆر لیندزی گراهام ئەویش وەک کۆماریـیەک وەڵامدانەوەی هەبوو بۆ قسەی براک ئۆباما و هێلەری کلنتن.

سیناتۆر گراهام لە تویتەرەکەی بۆ هێلەری کلنتنی نووسی "بۆچی لە قوربانیـیانی داعش ناپـرسیت، لە ژنانی ئێزیدی، دانیشتوانی موسڵ، کوردەکان، کامیان زیاتر مەترسیداربوون ئۆباما یان ترامپ؟"

" لە عەرەب و ئیسرائیلیـیەکان بپـرسە کامیان مەترسیدارترێکن؟ سەرۆک ئۆباما کە ڕێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێراندا واژوکرد یان سەرۆک ترامپ کە یارمەتی دا لە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات."

شەوی پـێنجشەممە چوارەم و دوایـین شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکان دەبێت و چاوەڕوان‌دەکرێت تیایدا جۆو بایدن بە فەرمی کاندیدکردنی بۆ پـۆستی سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە پەسەندبکات.

کۆماریـیەکانیش هەفتەی داهاتوو لە 24 – 27 ی مانگ کۆنگرەی نیشتمانی خۆیان سازدەکەن و تیایدا جارێکی دیکە بە فەرمی دانۆڵد ترامپ و مایک پـێنس بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەنددەکەنەوە. چاوەڕوان‌دەکرێت سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی کاندیدکردنەوەکەی بە فەرمی پەسەند بکات.

XS
SM
MD
LG