Accessibility links

بڕیارە ستەیسی ئەمبرامز وتاری دیموکراتەکان پـێشکەش بکات


بڕیارە ستەیسی ئەمبرامز وتاری دیموکراتەکان پـێشکەش بکات وەک وەڵامدانەوە بۆ وتارەکەی سەرۆک ترامپ. بەمەش دەبێتە یەکەم خانمی ڕەش پـێست لە مێژووی ئەمەریکادا ئەو وتارە پـێشکەش بکات.

هاوکاتی ئەوەی خانم ستەیسی بە زمانی ئینگلیزی وەڵامی سەرۆک ترامپ دەداتەوە، خافێیر بێسێررا داوکاری گشتی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە زمانی ئیسپانی ئەویش وەڵامدانەوەی دەبێت. ئەم کەسایەتیـیە دیموکراتە کە کوڕی خێزانێکی کۆچبەرە دەیان سکاڵای یاسایی لە دژی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ تۆمارکردووە.

خانم ستەیسی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی جێی شەرەفە ئەمشەو پـێکەوە لەگەڵ خافێیر بێسێررا ڕێبەری ڕاستەقینەی خەبات لە پـێناو بەها ئەمەریکایـیەکان وتاری وەڵامدانەوە پـێشکەش بکەین.

خانم ستەیسی ئەمبرامز لە ساڵی 2011 وە هەتا 2017 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی جۆرجیا بوو. ساڵی ڕابردوو یەکەم ژنی پـێست ڕەش بوو لە مێژووی ئەمەریکا کە لە لایەن پارتێکی گەورەوە بۆ پـۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتێک کاندیدبکرێت، بەڵام بە جیاوازیـیەکی زۆر کەم بەرامبەر براین کەمپ ڕکابەرە کۆماریـیەکەی شکستی هێنا لە بردنەوەی پـۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا.

ستەیسی تەمەن 45 ساڵ پارێزەرە و بڕوانامەی ماستەری هەیە و ناسراوە بەوەی کەسایەتیـیەکی بەهێزی هەیە و توانیویەتی جەماوەرێکی گەورە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە بە تایبەتی لە نێو بە ڕەچەڵەک ئەفریکایـیەکاندا.

XS
SM
MD
LG