Accessibility links

سەرۆک وەزیری دانیمارک ڕەتی دەکاتەوە گەورەترین دوورگەی جیهان بە سەرۆک ترامپ بفرۆشێت


سەرۆک وەزیری دانیمارک میتێ فرێدریکسن
سەرۆک وەزیری دانیمارک میتێ فرێدریکسن

سەرۆک وەزیری دانیمارک وتی گرینلاد بۆ فرۆشتن نیە و بیرۆکەی ئەمەریکا بۆ کڕینی دوورگەکە بێ مانایە. ئەمەش دوای ئەوە هات ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دەیەوێت گەورەترین دوورگە لە جیهاندا بکڕێت.

سەرۆک وەزیری دانیمارک میتێ فریدریکسن لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ گرینلاند بە بە ڕۆژنامەی سێرمتسیاکی وت " گرینلاند بۆ فرۆشتن نیە. گرینلاند دانیماڕکی نیە. گرینلاند موڵکی هاوڵاتیەکانیەتی. هیوایەکی بەهێزم هەیە کە ئەمە جددی وەرنەگیردرێت."

وابڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو سەرۆک ترامپ سەردانی کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بکات و قوتبی باکوور یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە لەگەڵ فریدریکسن و سەرۆکی حکومەتی گرینلاند کیم کیڵسندا گفتوگۆی لەسەر بکات.

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک ترامپ لاری کودلۆ جەختی لەو ڕاپۆرتانەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردەوە کە تیایدا ئاماژەیان بەوەدابوو سەرۆک ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکارەکانیدا باسی لە کڕینی گرینلاند کردووە.

کودلۆ بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت " نامەوێت پێشبینی ئەنجامەکە بکەم. ئەوەندە دەڵێم ئەو سەرۆکەی کە هەندێک شت دەزانێت سەبارەت بە کڕینی موڵک دەیەوێت بیر لە کڕینی گرینلاند بکاتەوە."

کودلۆ وتی " دانیماڕک خاوەنی گرینلاندە و هاوپەیمانە. گرینلاند شوێنێکی ستراتیژییە."

گرینلاند دەکەوێتە باکووری دەریای ئەتڵەسی و دەریایی قوتبی باکوورەوە و پشتی بە ئابووری دانیماڕک بەستووە. کاربەدەستانی دوورگەکە کارە ناوخۆییەکان ڕادەپەڕێنن بەڵام بەرپرسیارێتی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە سەر بە کۆپنهاگنە.

فریدریکسن وتی " ئەمە باسێکی بێ مانایە. کیم کیڵسنیش ڕوونی کردۆتەوە کە بێ گومان گرینلاند بۆ فرۆشتن نیە. ئەوەش کۆتایی بە گفتوگۆکان دێنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG