Accessibility links

گومان دەکرێت یاسادانەرێکی ئەمەریکی خۆی کوشتبێت پاش تاوانبارکردنی بە گێچەڵی سێکسی


یاسادانەرێکی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی کێنتاکی تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە لە پاش ئەوەی لە لایەن ژنێکەوە تاوانبارکرا بەوەی گێچەڵی سێکسی پـێکردووە.

دان جانسن شەوی چوارشەممە تەرمەکەی لەلا ڕێگایەکی چۆڵەوانی لە نزیک شارەکەی (ماونتن واشنتن) دۆزرایەوە لە بەردەم ئۆتۆمبیلەکەی.

کاربەدەسـتێکی پـۆلیس دەڵێت پـێدەچێت دان جانسن خۆی کوشتبێت، چونکە گولـلەیەک لە بن چەناگەیەوە بە ئاڕاستەی سەری نراوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ژنێک تاوانباری کرد بەوەی لە جەژنی سەری ساڵی 2012 لەو کاتەی تەمەنی 17 ساڵ بووە کێچەڵی سێکسی پـێکردووە.

بەڵام دان جانس بە توندی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و چەند کاژمێرێک بەر لە مەرگی لەسەر فەیسبوکەکەی نووسینێکی بڵاوکردبووە کە پـێوەی دیاربووە تۆمەتەکە زۆر کاریگەری بەسەر باری دەرونی کردبوو.

نووسیویەتی "تۆمەتێکی ڕاست نیـیە و خودا ڕاستیـیەکان دەزانێت. خودام خۆش دەوێت، هاوسەرەکەم خۆش دەوێت، هاوسەرەکەم باشترین ژنی جیهانە، بۆ هەمیشە خۆشم دەوێت، باوک و دایکم و خێزانەکەم و هەر پـێنج منداڵەکەم و نۆ نەوەکەم هەر یەکەیان دیاری خودان بەهێز بمێنـنەوە...."

دان جانسی تەمەن 57 ساڵ یەکێکە لەو سەد یاسادانەرەی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی کێنتاکی و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی لاهوت. ناسراوە بەوەی کەسێـکی ئیمانداری کرستیان بوو و چەندان جار خەڵات کرابوو.

XS
SM
MD
LG