Accessibility links

قوبرس دەڵێت پەیوەندییەکی نزیکتری نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە ئێمەدا تێپەڕێت


سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس و سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمەر
سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس و سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمەر

سەرۆکی قوبرسی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بەندە بە بەشداریکردنی تورکیاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەیان ساڵەی دابەشبوونی قوبرس.

ماوەی چەندین دەیەیە تورکیا بە فەڕمی کاندیدە بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە، بەڵام گفتوگۆکان لەو بارەیەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەقییان بەست، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانی یەکێتی ئەوروپاوە سەبارەت بە تۆماری ئەنکەرە لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنی لە سەروەری یاسا.

لە ساڵی 1974 دا قوبرس کە دورگەیەکی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەندە لە لەشکرکێشییەکی تورکیادا دابەشبوو، لەشکرکێشییەکەی تورکیا بەهۆی کودەتایەکەوە بوو کە یۆنان هانی دابوو. قوبرس، هاوشێوەی ئەندامانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا، مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکەدا.

لە ساڵی 2004 دا کۆماری قوبرس بوو بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، لە کاتێکدا کە بەشی باکووری دوورگەکە وڵاتێکە کە خۆی وەکو وڵات ناساندووە و تەنها تورکیا دانی پێدا ناوە.

سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیادا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " قوبرس پشتیوانییەکی بەهێز دەکات لە پەیوەندییەکی نزیکتری نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا. پەیوەندییەکی نزیکتر بە پەرەسەندنەکان و چارەسەرێک بۆ کێشەی قوبرسدا تێپەڕ دەبێت."

سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمەر لە قوبرس وتی لە هەڵسەنگاندنی گشتی پەیوەندییەکانی تورکیادا بە یەکێتی ئەوروپاوە دەبێت کارەکانی تورکیا لەسەر قوبرس لەبەرچاو بگیرێن.

وتی " وڵاتانی ئەندام دەبێت ئەم پەیامە بنێرن بۆ تورکیا."

گفتوگۆکانی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی ململانێ درێژخایەنەکەی نێوان یۆنان و قوبرسی تورکیا لە ساڵی 2017 دا شکستییان هێنا. نیکۆسیا دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا نێردراوێک دەستنیشان بکات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام دەڵێت پشتیوانی لە هەر ڕۆڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات.

توندوتیژییەکانی نێوان دوو کۆمەڵگەکەی قوبرس لە ساڵی 1963 دا دەستییان پێکرد، ئەوەش وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان هێزێکی ئاشتی پارێز ڕەوانەی ناوچەکە بکات کە هێشتا چاودێری 180 کیلۆمەتری هێڵی ئاگربەست دەکەن.

شتاینمەر وتی حکومەتی ئەڵمانیا هەفتەی ڕابردوو ڕەوانەکردنی ئەفسەری پۆلیسی بۆ ناوچەکە پەسەند کردووە و پەیوەندی بە پۆلیسی مەدەنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG