دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەدا یاریدەدەری باڵای فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ دەستی لەکارەکەی کێشاوەتەوە، بەمەش فشارەکانی سەر کومۆی دیموکرات زیاتر دەبێت لەکاتێکدا ڕووبەڕووی تۆمەتی گێچەڵیکردنی سێکسی بۆتەوە بە 11 کارمەندی ئافرەتی ئێستا و پێشووی ویلایەتەکە.
مێلیسا دی ڕۆسا کە لە ساڵی 2017 ەوە وەکو سکرتێری فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاندرو کومۆ کاردەکات، لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکاوە بە نزیکترین کەسی متمانەپێکراوی کومۆ ناودێرکراوە.
بەڵام لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەیدا کە دەست کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا کەوتووە، ئاماژە بەوە دەدات لە دوو ساڵی ڕابردوودا " شتەکان لەڕووی دەروونیەوە سەخت بوون."
لە نامەکەدا دەڵێت " گەورەترین سەربەرزی ژیانم بوو لە 10 ساڵی ڕابردوودا خزمەتی خەڵکی نیویۆرک بکەم. ڕۆژانە و لە ڕۆژە سەختەکاندا بەهێزیی و سووربوون و گەشبینی هاوڵاتیانی نیویۆرک هانیداوم."
دەست لەکارکێشانەوەکەی تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ئافرەتێک فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاندرو کومۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی گێچەڵیکردنی سێکسی و سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆمارکرد.
ئافرەتەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بەڵام لە حکومەتەکەی کومۆدا کاردەکات، وتی ساڵی ڕابردوو کومۆ گێچەڵی سێکسی پێکردووە.
هەروەها ڕاپۆرتێکی دادوەری گشتی ویلایەتی نیویۆرک ئاشکرای کرد کومۆ گێچەڵی سێکسی بە 11 کارمەندی ئافرەتی ئێستا و پێشووی ویلایەتەکە کردووە.
بەڵام کومۆ سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت هەرگیز بەشێوەکی نەشیاو دەستی لە هیچ ئافرەتێک نەداوە. هەروەها داواکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و دیموکراتەکانی بۆ دەست لەکارکێشانەوە ڕەت کردۆتەوە، نوینەرانی ویلایەتەکەش کاردەکەن بۆ دوورخستنەوەی لەکارەکەی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس