Accessibility links

کەسێک تەقە لە باڵیۆزخانەی کوبا لە واشنتن دەکات


دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمەریکا دەڵێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە کەسێک دەستگیرکراوە پاش ئەوەی تەقەی لە باڵیۆزخانەی کوبا لە واشنتنی پایتەخت کردووە.

بەپـێی دەزگای نهێنی و باڵیۆزخانەکە کەسەکە بە چەکێکی ئۆتۆماتیکی بەهێزەوە تەقەی لە باڵیۆزخانەکە کردووە و زیانی بە بیناکەی گەیاندووە، بەڵام کەس پـێوە نەبووە.

دەزگای خزمەتگوازری نهێنی بەیاننامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لە کاتژمێر 2:15 ی بەرەبەیان کامەندانی دەزگای نهێنی بە هانای باڵیۆزخانەکە چوون دوای ئەوەی هەواڵی تەقەکردنەکەیان پـێگەیشت. کەسێک دەستگیرکرا کە چەکێکی تۆمارنەکراوی پـێبووە لەگەڵ فیشەک و مەخزەنی گەورە بە نیازی کوشتن.

بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی واشنتن رووداوەکەی پشتڕاستکردوە بەڵام گوتی کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە کردووە.

دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی US Secret Service، لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی کاردەکات و یەکێک لە کارەکانی پاراستنی سەلامەتی دیپـلۆماتکارانە لە وڵاتەکەدا.

میدیاکانی خۆجێی واشنتن گوتیان پیاوەکە نزیکەی 30 فیشەکی ناوە بە باڵیوزخانەکە کە دەکەوێتە سەر جادەی 16 لە لێواری ناوچەی" ئادەم مۆرگن " کە ناوچەیەکی پڕجموجۆڵە و باڕ و رێستورانت لە خۆدەگرێت، بەڵام بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناوچەکە داخراوە.

هەر لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی کوبا وێنەی شوێنی گولـلەکان بە دیواری بیناکەیان بڵاوکردەوە لەگەڵ پەنجەرەی شوشە شکاو.

برونۆ رۆتریگز وەزیری دەرەوەی کۆبا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هیچ کارمەندێکی باڵیۆزخانەکە پـێوە نەبووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG