Accessibility links

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە نیویۆرک داوای ئازادکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد دەکات


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە ئەمەریکا ڕۆژی سێ شەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن یان قامچی لێدانی هەردوو ڕۆژنامەوان، شارام ئەمجەدیان و مورتەزا حەق بەیان ڕابگرن و دەستبەسەرکردن و سزادانی ڕۆژنامەوانان بوەستێنن.

ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بە ئاماژەدان بە راپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەم رۆژانەی دواییدا، شارام ئەمجەدیان و مورتەزا حەق بەیان، دوو ڕۆژنامەوانی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی 104ی دادگای تاوانەکانی سنەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرانی پارێزگای کوردستان و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی حکومەت هەریەکەیانی بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن و 90 قامچی و هەروەها 10 ملیۆن تمەن سزاداوە.

بە پێی هەواڵەکان ئەگەر سزاکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەشەوە پەسەند بکرێت ئەوا سزای ئەم دوو ڕۆژنامەوانە کوردە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

شەریف مەنسور، ڕێکخەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندوە کە "دەسەڵاتدارانی ئێران پێویستە ڕێگری نەکەن لە داواکاری ڕۆژنامەوانان، شارام ئەمجەدیان و مورتەزا حەق بەیان بۆ پێداچوونەوەی سزاکەیان و هەروەها دەستبەرداری هەراسانکردن و سزای یاسایی ڕۆژنامەوانان بن. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندوە کە "هیچ ڕۆژنامەوانێک نابێت تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش بە هۆی کارەکەیەوە بڕواتە زیندان یان وەک تۆڵەسەندنەوە قامچی لێبدرێت."

بە پێی هەواڵی هەنگاو مورتەزا حەق بەیان و شارام ئەمجەدیان مانگی هەشتی ساڵی 2019 لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و پاش 67 ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنیان لە زیندانی تاکەکەسی ئیتلاعاتی ئێران، بە کەفالەتی 260 ملیۆن تمەن و بە شێوەیەکی کاتی تا رۆژی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کرابوون.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت بە هۆی چالاک نەبوونی ماڵپەڕی دەزگای دادی پارێزگای کوردستانەوە، نەیتوانی پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەریی کوردستانی ئێرانەوە بکات و هەروەها دەشڵێت بە ڕێگای ئیمەیڵەوە پەیوەندیان بە دەزگای دادوەری تارانەوە کردوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە.

XS
SM
MD
LG