Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بڵاودەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لەو پـێشێلکاریـیانە دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2018 ڕوویانداوە.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتارێکی بەو بۆنەیەوە پـێشکەشکرد و گوتی دامەزرێنەرانی ئەمەریکا و نوێنەرانی لە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیانناوە بەوەی مافە بنەڕەتیـیەکانی وەکو ئازادی ئاینی و بیروباوەڕ و ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە مافی هەموو تاکێکە.

جەختی کردەوە ئازادی شتێک نیـیە حکومەتەکان بە میللەتەکانی خۆیانی ببەخشن، بەڵکو شتێکە لە شکۆمەندی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە.

لە ڕاپـۆرتەکە باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە نزیکە 200 وڵات و ناوچە کراوە، لەوانە عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا.

ڕاپـۆرتەکە لە بارەی عێراق دەڵێت حکومەت هێشتا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی هەندێک لە هێزە ئاسایشیـیەکان بکات و بە تایبەتی لە نێو یەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێراندا.

لە بەشێکی ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش کراوە کاتێک حکومەتی عێراق سەرلەنوێ دەسەڵاتی خۆی سەپاندەوە بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە پاش ڕیفراندۆمەکەی مانگی نۆی ساڵی2017 ڕاپـۆرت بە وەزارەتی دەرەوە گەیشتوون کە تیایدا باس لەو پـێشێلکاریـیانە دەکرێت کە لەلایەن هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراقەوە ئەنجامدراون، لەوانە حەشدی شەعبی.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات حەشدی شەعبی لە دەرەوەی یاسا و دادگا خەڵکیان کوشتووە. هەروەها یەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران منداڵ و نەوجەوانیان کردووە بە چەکداری خۆیان و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کاریان پـێکردوون.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، دەڵێت لە نێو هێزەکانی پـێشمەرگە کەسان هەن پـێشێلکاریـیان کردووە و زۆربەی پـێشێلکاریـیەکان بەرامبەر ئاوارەکان کراون. دەشڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێم لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردوون، بەڵام لە کۆتاییدا بەبێ تاوان دایانناون کە هەرچەندە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومانیان لەو لێکۆڵینەوانە هەیە.

XS
SM
MD
LG