Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار دەست بەسەر ناوەندێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەگرن لە پاکستان


بەرپرسانی ناوخۆی ناوچەی بەنووی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان دەڵێن چەکدارە ئیسلامییەکان دەستیان گرتووە بەسەر ناوەندێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە ناوچەکە و چەند کەسێکیان بە بارمتە گرتووە بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا.

وتەبێژی پۆلیسی بەنوو موحەمەد نەسیب بە ڕۆیتەرزی وت " هێشتا ڕوون نییە کە ئایا تیرۆریستان لە دەرەوەوە هێرشییان کردووە یاخود لە ناوەوە لە کاتی لێپێچینەوە لەگەڵیاندا دوای دەستگیرکردنیان چەک و تەقەمەنییان لە ستافەکە سەندووە ".

وتیشی هێزەکانی ئاسایش دەوروبەری ناوەندەکەیان گرتووە.

دوو بەرپرسی دیکە کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن وتیان چەکدارەکان بە نیازبوون دانوستان بکەن بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆیان تاوەکو بچنە ئەفغانستان.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی 15 چەکدار دوای ئەوەی لە ناوەوە بەسەر لێکۆڵەرەوەکاندا زاڵ بوون ناوەندەکەیان گرتووە، چەکەکانی لێکۆڵەرەوەکانیان هەڵگرتووە و پێنج بۆ شەش کەسییان بە بارمتە گرتووە.

هێشتا نەزاندراوە چەکدارەکان سەر بە چی گروپ و ڕێکخراوێکن.

پاکستان ماوەیەکی زۆرە دژی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان دەجەنگێت. تەهریکی تاڵیبانی پاکستان خۆی بە بەشێک لە تاڵیبانی ئەفغانستان دەزانێت، تاڵیبانی ئەفغانستانیش هەوڵیداوە نێوەندگری بکات لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی پاکستان و ئەو گروپەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG