Accessibility links

لە ماوەی 8 ڕۆژی ڕابردوو یەک ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی نوێ بە نەخۆشی کۆرۆنا تۆمارکراوە


بەپـێی ئامارە جیهانیـیەکان لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوو یەک ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی نوێ بە نەخۆشی کۆرۆنای جۆری کۆڤید – 19 تۆمارکرا، بەمەش کۆی گشتی ژمارەی تووشبوون بەم نەخۆشیـیە لە سەرانسەری جیهان گەیشتە زیاتر لە 9 ملیۆن.

تێدرۆس ئادهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لەم بارەیەوە گوتی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆڤید – 19 ، پاش زیاتر لە سێ مانگ ژمارەی تووشبووان گەیشتە ملیۆن کەس، بەڵام ئێستا تەنیا لە پاش هەشت ڕۆژ یەک ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی نوێ تۆمارکراوە.

ئادهانۆم لە میانەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە کە لەلایەن حکومەتی ئیمارەتی دوبەیەوە ڕێکخرابوو، ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی پەتاکە هێشتا بە خێرایی لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

گوتیشی" دەزانین پەتاکە تەنیا هۆکاری قەیرانێکی تەندروستی نیـیە، بەڵکو هۆکاری قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە زۆر وڵاتیش بووەتە هۆی قەیرانی سیاسیش." هوشداری ئەوەشی دا ئاسەواری خراپی ئەم پەتایە لە دەیان ساڵی داهاتوودا دەردەکەوێت.

زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیـیەکە وەهای لە دەسەڵاتدارانی سعودیـیە کرد بڕیاربدەن حەجی ئەمساڵ جیاوازبێت و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی سعودیـیە و ئەو بیانیانەی لە وڵاتەکەیاندا دەژین بۆیان هەبێت بەشداری لە فەریزەی حەجی ئەمساڵدا بکەن. ساڵی ڕابردوو نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس فەریزەی حەجیان ئەنجام دا.

ئەحمەد ئەلتەیب شێخی ئەزهەر لە بارەی ڕاگەیاندنەکەی سعودیـیە گوتویەتی بڕیارێکی ژیرانەیە و شەرعیـیە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی لەم پەتایە.

بەپـێی ئامارەکانی ئەمڕۆی سێشەممەی زانکۆی جۆنس هاپگنز، هەتا ئێستا 472,683 کەس بەهۆی ئەم نەخۆشیـیەوە لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG