Accessibility links

نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتە لوبنان و ئیسرائیل و لە ئێرانیش 18 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە


وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیاندا تۆمارکرا.

حەمەد حەسەن ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ژنێکی لوبنانی تەمەن 45 ساڵ کە لە شاری قومی ئێرانەوە بە فڕۆکە گەڕاوەتەوە، تووشی نەخۆشیـیەکە بووە. گوتیشی 2 حاڵەتی دیکە هەن گومانیان لێدەکرێت ئەوانیش تووشبووبن.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاند ژنێکی ئیسرائیلی تووشبووە کە لە نێو کەشتی گەشتیاری (دایمۆند پـرێنس) بوو، ئەوەی لە سەرەتای مانگی دووەوە لەلایەن ژاپـۆنەوە ڕێگری لە دابەزینی گەشتیارەکانی ناوی کرا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە نێویاندا.

وەزارەتەکە دەڵێت ژنەکە بەیانی هەینی لەگەڵ 10 ئیسرائیلی دیکە گەیشتنەوە ئیسرائیل و هەموویان لە نێو ئەو کەشتیەدا بوون. سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە تەل ئەڤیڤ براون و لەوێ بۆ ماوەی بەلایەنی کەم 2 هەفتە دەهێڵرێنەوە.

10 کەسەکەی دیکە پـشکنینیان بۆ کراوە و هیچیان تووشی نەخۆشیـیەکە نەبوون. بەڵام وەزارەتەکە دەڵێت 4 ئیسرائیلی دیکە تووشبوون ئەوان لە ژاپـۆن هێڵراونەتەوە.

سەبارەت بە ئێرانیش، بەپـێی دوایـین زانیاری 18 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە، 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG