Accessibility links

کۆسپـێکی گەورە لە بەردەم ڤاکسینی کۆرۆنا


پاش ئەوەی کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند ڤاکسینەکەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید19 بە ڕێژەی 90% کاریگەری هەیە، هیوایەکی گەورە بە وڵاتانی جیهان درا کە ڤاکسینەکە وا بەڕێوەیە، بەڵام ئێستا کۆسپـێکی گەورە لە بەردەم گەیاندنێتی.

لۆرێن ساوەر، پـرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆنز هۆپـکنز لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ گوتی دەبێت ڤاکسینەکە بە لایەنی کەم لە ژێر پـلەی 70 ی سەدی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێت هەتا دەگاتە سەنتەرەکانی دابەشکردنی ڤاکسینەکە، بۆیە ئاسان نیـیە ساردکەرەوەی وەها بەهێز دابینبکرێن لە فڕۆکەخانەکانەوە هەتا دەگاتە سەنتەرەکانی دابەشکردن لە هەموو وڵاتانی جیهاندا.

زاناکان دەڵێن دەبێت ڤاکسینەکە لە سەنتەرەکانی دابەشکردن گەرم بکرێتەوە و پاشان ڕەوانەی بنکەکانی لێدان بکرێت و لە ماوەی کەمتر لە 5 ڕۆژ لە خەڵکی بدرێت، ئەگەر نا ڤاکسینەکە تێکدەچێت.

خانم لۆرێن ساوەر گوتیشی نابێت لە ئێستاوە هەموو هیوایەکمان لەسەر ڤاکسینەکە بێت، بەو پـێـیەی هێشتا ماوە بزانرێت لە ڕووی کردارەوە هەتا چەند کاریگەری دەبێت و ئایە هیچ شتی خراپی دەبێت یان نا بەسەر ئەوانەی لێـیان دەدرێت.

جەختی کردەوە لە ئێستادا گرنگترین شت بکرێت بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەوەیە خەڵکی ماسک ببەستن و خۆیان لە یەکتر دور ڕابگرن و پابەندی ڕێنمایـیە تەندروستیـیەکان بن.

XS
SM
MD
LG