Accessibility links

شارەزایان: ڕەنگە لە شەپـۆلی دووەمی کۆرۆنا لە بەریتانیا نزیکەی 120 هەزار کەس گیانیان لەدەستبدەن


شارەزایانی تەندروستی دەڵێن بەریتانیا لە وەرزی زستانی داهاتووەوە ڕووبەڕووی دووەم شەپـۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە و ڕەنگە لە ماوەی 9 مانگدا نزیکەی 120 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست بدەن، ئەمەش خراپـترین سیناریۆیە کە شیانی هەیە ڕووبدات.

ستیفن هۆڵگەیت، پرۆفیسۆر و هاونووسەری راپۆرتێک لەلایەن ئەکادیمیای زانستی پزیشکی بەریتانی ئەمڕۆ سێشەممە گوتی لەگەڵ زیاتر شیانی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 لە زستاندا بەهۆی ئەوەی خەڵک کاتی زیاتر پێکەوە بەسەر دەبەن لە شوێنە داخراوەکاندا ، شەپۆلی دووەمی پەتاکە دەشێت زیاتر کاریگەربێت لەوەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین.

هۆڵگەیت لە لێدوانێکی ئۆنلاین گوتی ئەمە پێشبینیکردنێک نیە بەڵکو ئەگەرێکە گوتیشی رەنگە ژمارەی مەرگی ئاکامی پەتاکە زیاتر بێت لە شەپۆلێکی نوێی کۆڤید -19 لەم زستانەدا، بەڵام مەترسی روودانی ئەمە کەمدەکرێتەوە ئەگەر دەستبەجێ کاردانەوەمان هەبێت.

بە گوێرەی ئاماری رۆیتەرز لەسەر بنەمای سەرچاوە فەرمیـیەکان، نزیکەی 45 هەزار حاڵەتی مردن لە بەریتانیا پشتڕاستکراونەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بووە و زیاتر 55 هەزار حاڵەتی مردن هەیە کە گومان دەکرێت ئەوانیش بەهۆی ئەم نەخۆشیـیەوە بووبێت.

ئەکادیمیای زانستی پزیشکی بەریتانی دەڵێت ڕەنگە لە مانگی نۆوە 1.7 هێندەی ئێستا تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاتربێت.

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG