Accessibility links

سەرۆکی یانەیەکی تورکیا هوشداری دەدات


سەرۆکی یانەی تۆپی پێی ترابزۆنسپۆر لە دژی دواخستنی یاریـیەکانی سوپەر لیگە بەهۆی مەترسیەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەڵێت ئەگەر یاریـیەکان دوابخرێن ئەوا حاڵەتەکانی تەڵاقدان زیاد دەبن.

لەو بارەیەوە میدیا تورکی لە زاری ئەحمەد ئاغائۆغڵو ئەمڕۆ سێشەممە دەگێڕیتەوە کە گوتبووی؛ ئێمە لە ئێستادا پێشەنگین ، دەبێت یانەی ترابزۆنسپۆر پاڵەوانێتی رابگەێنێت.

ئاغائۆغڵو گوتیشی ئەگەر خولی یاریـیەکان هەڵپەسێردرێت یان بەبێ تەماشەوان یاری بکرێت ئەوا دوای مانگێک دادوەرێک لە وڵاتدا دەست ناکەوێت کە بتوانێت سەروسەودا لەگەڵ حاڵەتەکانی تەڵاقداندا بکات.

دەشڵێت یاری تۆپی پـێی تاکە شتە لە وڵاتەکەیەدا کە هاوڵاتی لە ڕێگەیەوە بتوانێت فشارە دەروونیـیەکانی سەری کەم بکاتەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆدا ئاغائۆگلو دەبینرێت کاتێک قسە بۆ میدیاکان دەکات ماسکی پاراستنی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای بەستوە.

یانەی تۆپی پێی ترابزاۆنسپۆر یەکێکە لە یانە ناودارەکان لە دەرەوەی شاری ئستەنبوڵە و لە ئێستادا لە ریزبەندی سەرەوەی سوپەر لیگی تورکیادایە.

تورکیا رێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ی نوێ لەوانە قەدەغەکردنی گەشت بۆ 20 وڵاتی جیهان و سازکردنی یاریە وەرزشیەکان بە بێ ئامادەبوونی تەماشاوانان و هەروەها نوێژی بە کۆمەڵی هەتا کاتێکی دیاری نەکراو قەدەغەکردووە.

ژمارەی دانیشتوانی تورکیا 83 ملیۆن کەسە و حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت 47 حاڵەتی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە و کەس بە نەخۆشیـیەکە گیانی لەدەست نەداوە.

XS
SM
MD
LG