Accessibility links

وەزیری ناوخۆی تونس: تۆمەتی کوشتن ئاڕاستەی هەر کەسێک دەکرێت ببێتە هۆی تووشکردنی نەخۆشی کۆرۆنا


وەزیری ناخۆی تونس ڕایگەیاند، تۆمەتی کوشتنی بەبێ مەبەست ئاڕاستەی هەر کەسێک دەکرێت ئەگەر بێت و کەسێکی دیکە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بکات و گیان لەدەست بدات.

هیشام ئەلمشیشی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بارەگای حکومەتی وڵاتەکەی گوتیشی ئەوەی بەدیانکردووە هەندێک پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆکە نابن، بۆیە بڕیاریان داوە ڕێوشوێنی توندتربگرنەبەر هەتا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە بگرن.

هەروەها گوتی حکومەتی وڵاتەکەی نایەوێت ئازادیـیەکان سنوورداربکات، بەڵکو دەیەوێت دۆخەکە لە وڵاتەکەدا نەگاتە ئاستێک خەڵکی لە بەردەرکی نەخۆشخانەکاندا بەهۆی نەخۆشیـیەکەوە گیانیان لەدەست بدەن.

باسی لەوەش کرد هەتا ئێستا زیاتر لە 600 کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی سەرپـێچیکردن لە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆکە.

بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکان هەتا ئێستا 596 کەس لە تونس تووشی نەخۆشیـیەکە بوون، لەوانە 22 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG