Accessibility links

پەروەردەی سلێمانی لە بارەی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی دوازدەوە چەند بڕیارێکی ڕاگەیاند


دوای ناڕەزایی خوێندکارانی قۆناغی دوازدە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا لەمەڕ چەند کێشەیەکی پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی چەند بڕیارێکی گرنگ لەسەر پرۆسەی خوێندنی خوێندکارانی قۆناغی دوازدە دەردەکات.

ماوەیەکە خوێندکارانی قۆناغی 12 لە چەندین شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستاندا ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر چەند کێشەیەکی وەکو زۆری تاقیکردنەوەکان، دواخستنی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم و چەند داواکارییەکی تر.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان باسی لەوە کرد کە ئەوان دوای کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی کێشەکان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، بڕیاریان داوە کێشەکانی خوێندکارانی قۆناغی 12 چارەسەر بکەن.

"جاران تاقیکردنەوەکان ڕۆژ نا ڕۆژێک بوو، ئێستا کردوومانە بە هەفتەی دوو تاقیکردنەوە. واتە لە ٢٥ی مانگ کە خوولی یەکەم دەستپێدەکات بۆ 22 ی مانگی هەشت تەواو دەبێت، لە کاتێکدا پێشتر 12 ی مانگی هەشت تەواودەبوو. ئەمە یەکەم داواکاری و گرنگترینیان بوو. بڕیاریشماندا تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم تۆزێک دوابخەین بۆ ئەوەی مەنهەج باشتر بخوێنرێت."

بەشێکی بەرچاوی ئەم کێشانە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەگەڕێنەوە بە مەبەستی ڕێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە. لەکاتێکدا دڵنیاییەکی تەواو نەبووە کە ئایا دەرگای قوتابخانەکان بەتەواوی دەکرێنەوە یاخود دیسان بەهۆی کەرەنتینەوە دادەخرێن. ئەمەش وای کردووە لە زۆرینەی ناوەندەکانی خوێندندا بەشێکی کەم لە پرۆگرام بخوێنرێت و تەواونەکرێن.

"بڕیارمان دا دوای تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم، لیژنەیەکی پسپۆڕ درووستبکەین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، سەرپەرشتیاران و مامۆستانی بەڕێز، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان و وەکو پار دیراسەی دەکەین و لە سەرەتای وەرزی دووەم لەسەر ئەو بابەتانەی کە داخڵ نین بۆ خوێندکار بڕیار دەدەین و مامۆستایان و خوێندکاران ئاگادار دەکەینەوە و هەموو لایەک لەو قەلەقییە دەردەچێت."

یەکێکی تر لەو کێشانەی بە بەردەوامی ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن دەبێتەوە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە ناو ناوەندەکانی خوێندندا، ئەمەش وا دەکات پرۆسەکە خاو ببێتەوە و زۆرێک بە دوودڵییەوە ڕوو لە ناوەندەکانی خوێندن بکەن.

هەتاکو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، 3 قوتابخانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراون، کە یەکێکیان دوای 14 ڕۆژی کەرەنتین کراوەتەوە، 75 قوتابی و 23 مامۆستا وەک تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:07 0:00


XS
SM
MD
LG