Accessibility links

شاری سلێمانی بە چەند قۆناغێک بەرەو دۆخی ئاساییببوونەوە هەنگاودەنێت


لە پێناو دەستەبەرکردنی بەشێک لە پێداویستی و خزمەتگوزارییە دیاریکراوەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا بە هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە چەند قۆناغێکی جیاواز و بە مەرجی خۆپارێزی و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە ڕێنماییەکانەوە.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاکانی سەرپشک کرد لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەل دۆخی قەدەغەی هاتووچۆ و ڕێوشوێنەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگوێرەی بارودۆخی پارێزگاکان، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڕایگەیاند کە ئەوان بڕیاریان داوە بە کردنەوەی چەند شوێنێک تاکو هاوڵاتیان بتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی لێوە دەستەبەر بکەن.

سالار موستەفا ڕەشید، ئەندامی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە ڕێوشوێنە نوێیەکان کرد لە شاری سلێمانیدا.

"بڕیاردراوە بە کردنەوەی دەلاکخانەکان بەڕووی هاوڵاتیاندا، کردنەوەی دوکانی چاککردنی مۆبایل، شوێنی شوشتن و ئوتوکردنی جلوبەرگ، ئەو شوێنانەی کە خواردن بە شێوازی دیلیڤەری دەگەیەنن بە هاوڵاتیان، دوکانی چاککردنی سەتەلایت و تەلەفزیۆن، بازاڕی دۆلارەکە، بانکە تایبەتەکان، ئەو کارگانەی کەرەستەی خواردنی ئامادەکراویان هەیە، لەگەڵ هەر شوێنێکی تر کە لیژنەکانی قایمقامییەت و پارێزگا بە شیاوی بزانن."

هەروەها وتیشی "ئەو شوێنانە لەژێر چاودێری لیژنەکانی قامقامییەت و تەندرووستی وهێزە ئەمنییەکاندا دەبن و چەند ڕێنماییەکیان بۆ دیاریکراوە کە دەبێت جێبەجێی بکەن."

سالار موستەفا وتیشی "مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا نەڕەویوەتەوە و پێویستە ئەو شوێنانەی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە پابەندی ڕێنماییەکانی لیژنەکانی قایمقامییەت و وەزارەتی تەندرووستی بن وەک بەکارهێنانی ماسک و دەستکێش و درووستنەکردنی قەرەباڵەخی و ڕێوشوێنەکانی تر بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ئەو شوێنانەی بڕیاردراوە لە شاری سلێمانیدا بکرێنەوە بەڕووی هاوڵاتیاندا سەنتەری شار و ناوچە قەرەباڵخەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها لە گەڕەکەکاندا دەبن، بۆ ڕاییکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:24 0:00


XS
SM
MD
LG