Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە داوای کۆبوونەوەی لوتکەیی کۆمەڵەی 20 دەکات


وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شانشینی عەرەبستانی سعودیە داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و لوتکەیی ڕێبەرانی کۆمەڵەی 20 دەکات.

لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی عەرەبستانی سعودیەدا هاتووە "ڕیاز کەتۆتە پەیوەندیکردن بە ڕێبەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی 20، تا لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆڤید 19 و هەروەهاش ئەو ڕێگەیانەی دەبنە مایەی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ژیانی مرۆڤ و هەروەها ڕەوشی ئابوریش."

شانشینی عەرەبستانی سعودیە کە ئێستا سەرۆکایەتی وڵاتانی کۆمەڵەی 20 دەکات، لە ڕاگەیاندنەکەشدا باسی لەوە کردووە ڕێبەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی 20 پێکەوە بەرنامەیەکی ڕێکخراو دادەنێن بۆ پاراستنی خەڵک و هەروەهاش چاودێریکردن و پاراستنی ئابوری جیهانی.

ئەم ڕاگەیاندنەش دوابەدوای لێدوانەکانی گەورە بەرپرسانی دارایی وڵاتانی کۆمەڵەی 20 هات کە دەیانگوت "نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیان هەیە"هاوکاتی کۆبوونەوەکەی مانگی پێشوو لە ڕیاز کرا، بەهۆی پشێویە ئابوریەکانی لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆناوە هاتنە ئاراوە.

لەو کاتەوە تا ئێستا بازاڕە جیهانییەکانی دراو و هەروەهاش بازاڕی جیهانی نەوت دابەزینێکی بەرچایان بە خۆوە بینیوە، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەروادێ و خراپتر دەبێت.

XS
SM
MD
LG