Accessibility links

فەرمانێکی حکومەتی قەتەر بۆ بەکارهێنانی ئاپـێکی مۆبایل لەلایەن دانیشتوانی وڵاتەکەی نیگەرانی لێدەکەوێتەوە


حکومەتی قەتەر فەرمانی کردووە هەموو دانیشتوانی وڵاتەکەی دەبێت ئاپـێک بە ناوی ئیحتراز EHTERAZ لە مۆبایلەکانیان دابەزێنن تاوەکو چاودێری هاتوچۆکردنیان بکەن بە مەبەستی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا.

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئاپەکەی داناوە، دەڵێت هەر کەسێک لە قەتەر بچێتە دەرەوەی ماڵەکەی و لە مۆبایلەکەیدا نەبێت، ئەوا شیانی هەیە هەتا 3 ساڵ زیندانی بکرێت و 200 هەزار ڕیال سزای دارایی بدرێت کە دەکاتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار.

دەسەڵاتداران دەڵێن ئاپەکە بۆ پاراستنی خەڵکە لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڤید – 19 ، ئەوەش لە ڕێگەی چاودێریکردنی هەر تاکێکی کۆمەڵ لە هاتوچۆکردنی و تێکەڵاوبوونی بە خەڵک.

دەڵێن لەگەڵ دابەزاندنی ئاپەکە و خۆتۆمارکردن، ڕاستەوخۆ ئاپەکە زانیاریـیە تەندروستیـیەکانی کەسەکە کە لە دەزگا تەندروستیـیەکاندا هەن لەگەڵ ئاپەکە گرێ دەدرێت و بەردەوام حاڵەتی کەسەکە لە ڕووی نەخۆشی کۆرۆناوە پـیشان دەدات، واتە ئایە تووشبووە یان مەترسی تووشبوونی لەسەرە یانیش دورە لە گرتنی نەخۆشیـیەکە.

هەرچەندە دەسەڵاتداران دەڵێن تەنیا بۆ خۆپاراستنە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و زانیاریـیەکانی خەڵکی پارێزراون، بەڵام هەندێک لە خەڵکی گومانیان لەلا دروستبوو بەوەی ئاپەکە داوای ڕێگەپـێدان دەکات بۆ گەیشتن بە وێنە و ڤیدیۆ و لیستی ژمارە تەلەفۆنەکانی نێو مۆبایلەکانیان.

هبە زیادین لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRWلەم بارەیەوە ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارنی قەتەر گرت، دەڵێت ئاپەکە داوای کۆمەڵێک ڕێگەپـێدان دەکات بۆ گەیشتن بە زانیاری نێو مۆبایلی خەڵکی کە گرنگ نین بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دەشڵێت جگە لەمە ژمارەیەکی زۆری کرێکاری بیانی کە لە قەتەر کاردەکەن لەو جۆرە مۆبایلانەیان نیـیە کە بتوانن ئاپەکەی تیادا دابەزێنن.

جێی ئاماژەیە هەتا ئێستا نزیکەی 44 هەزار کەس لە قەتەر تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، لەوانە 23 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی دانیشتوانی قەتەر 2.73 ملیۆن کەسە.

XS
SM
MD
LG