Accessibility links

کاربەدەستێکی پـێشووی کۆریای باکور دەڵێت بە ملیۆنان کەس لە وڵاتەکەی تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون


کاربەدەستێکی پـێشووی کۆریای باکور کە لە ڕژێمەکەی جودابووەتەوە، دەڵێت زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەی تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون وە ئەوەی پـیۆنگیانگ ڕادەگەیەنێت کە گوایە هیچ تووشبوویەکی نەخۆشیـیەکە لە کۆریای باکوردا نیـیە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیـیە.

لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی کۆریای باکور کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، کیم میونگ گوتیشی ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕژێمی وڵاتەکەی دەیڵێن، تەنیا پـرۆپاگەندەن وە ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان و گیان لەدەستدان هێندە زۆرن بڕوا ناکرێت.

گوتی وڵاتەکەی لە هەموو وڵاتێکی دیکە زووتر و زیاتر ڤایرۆسی کۆڤید- 19 ی پـێگەیشتووە، بەهۆی شوێنە جوگرافیـیەکەی و ئەو پەیوەندیـیە ئابوریـیە چڕەی لەگەڵ چیندا هەیەتی.

ئاماژەی بۆ سیستەمی تەندروستی وڵاتەکەی کرد، گوتی زۆر خراپە و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکەکەی گرفتی بێ خۆراکی و دابەزینی بەرگری جەستەیان هەیە کە وەهای کردووە هێندەی دیکە دۆخەکە خراپتربێت.

ڕژێمی کۆریای باکور دەڵێت هیچ تووشبوویەکی نەخۆشی کۆرۆنای نیـیە، وە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بە پەلە و داخستنی سنوورەکان.

بەڵام کیم میونگ دەڵێت ئەم قسەیەی ڕژێم هیچ ڕاست نیـیە و هیچ باکیان بە میلـلەت نیـیە و پـێشتر زۆر جار وڵاتەکە لەسەر لێواری کارەساتی مرۆیـیدا بووە، لەوانە ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا ڕووی دا کە بەهۆیەوە نزیکەی 3 ملیۆن کەس بوونە قوربانی.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو جەنەڕاڵ ڕۆبەرت ئەمبرامز فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشور گوتی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی پـیۆنگیانگ، ئەوانەی دەڵێن هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنایان نیـیە "هیچ ڕاست نیـیە".

XS
SM
MD
LG