Accessibility links

هاوڵاتیەکی دەربەندیخان لەگەڵ 6 کەسی خێزانەکەی تووشی کۆرۆنا بوون بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت


تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە ماوەی 4 ڕۆژە نەخۆشخانەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە نێو خانەوادەکەی، چۆنیەتی تووشبوونی خۆی و خێزانەکەی بە ڤایرۆسەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە، دەڵێت"دۆخی تەندروستی باشە، تا ماوەی 14 ڕۆژی تر لە نێو ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نەریمان حەمەئەمین کە هاوڵاتیەکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە و خۆی و 6 کەسی تر لە خێزانەکەی تووشی کۆرۆنا بوون، دەڵێت"ڕۆژی 20 ی مانگی ڕابردوو، ڕۆیشتمە نەخۆشخانە و پشکنینم بۆ کرا، دواتر پەیوەندیان پێوە کردمەوە و ئاگاداریان کردم، کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنام."

ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی پێوە دیار نەبووە، کاتێک پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام دوای 3 ڕۆژ تووشی لەرزوتا بووە و دواتر کۆکەیەکی ئاسایی تووشبووە، دەڵێت"پێویستم بە ئۆکسجین نەبوو، هیچ حەب و دەرمانێکیشم بەکارنەهێنا، بەڵام کاتێک لە ژێر چاودێری دا بووم، پزیشکەکان ناو بەناو پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدام."

لەو 7 کەسەی خێزانەکەی نەریمان کە تووشی کۆرۆنا بوون، هەموویان ڤایرۆکەسان تێپەڕاندووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، تەنها هاوسەرەکەی نەبێت، کە ئەویش دۆخی تەندروستی جێگیرە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا، نەخۆشخانە جێبهێڵێت.

نەریمان، دەڵێت"بەرکەوتنمان لەگەڵ کەسدا نەبووە، بەڵام شەوێک هاوسەرەکەم ڕۆیشتە نەخۆشخانە بۆ زانینی فشاری خوێنی، یەکێک لە تووشبووەکان لەو کاتەدا لە نەخۆشخانە بووە."

بەپێی وتەی نەریمان، کاتێک هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانە گەڕاوەتەوە، هەسیتیان پێکردووە کە دۆخی تەندروستی تەواو نەبووە، وتی"دواتر هاوسەرەکەم تووشی لەرزوتا بوو، قوڕگی وشک بوو، تامی لەدەستدا."

وتیشی"دواتر کەوتینە گومانەوە و خۆم پشکنینم بۆ کرا، دەرکەوت 7 کەسمان تووشبووین."

کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان تووشبوون لاوازە، بە تایبەت کەمیان خراپی دۆخی تەندروستیان گەیشتۆتە ئاستێک کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەبێت، بۆیە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەم مەسەلە دەکرێت، یەکێک لە لێکدانەوەکان ئەوەیە "پێکوتەی سیل" لەو ڕووەوە کاریگەری هەبێت.

لەو بارەیەوە نەریمان حەمەئەمین، ئاماژەی بەوە کرد ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک لە قوتابخانە بووە، دەرزیەکی لێدراوە، بەڵام دڵنیانیە لە جۆری دەرزیەکە، وتی"منداڵەکانیشم هەموویان، دەرزیـیان لێدراوە، نازانم دەرزیەکان هی ئیفلیجی بوون، یاخود سیل، دڵنیانیم."

خێزانە 7 کەسیەکەی نەریمان حەمەئەمین، لەو 30 تووشبووەی قەزای دەربەندیخانن بە کۆرۆنا، کە زۆربەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و تەنها ژمارەیەکی کەمیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:05 0:00


XS
SM
MD
LG