بڕیارە ژاپۆن ئەمڕۆ پێنج شەممە خۆی بۆ فروانکردنی حاڵەتی نائاسایی سەرانسەری وڵات ئامادەبکات کە نەک هەر تەنها شارە گەورەکان بگرێتەوە بەڵکو شوێنەکانی دیکەش. بەرپرسێکی حکومەتی ژاپۆن گوتی ؛ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیران گۆڕانکاری لە بەرنووسی بوجەی کۆمەکی دارایدا دەکات بۆ ئەوەیکۆمەکی دارایی بۆ هەموو تاکێک دابینبکرێت.
ژاپۆن لە تەواوی وڵاتدا پتر لە 9 هەزار حاڵەتی توشبوون و مردنی نزیکەی 200 کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە. حکومەتی ژاپۆن حاڵەتی نائاسایی لە تۆکیۆی پایتەخت و 6 ناوچەی دیکە راگەیاندوە لەوانە لە ناوچەی ئۆساکای لە رۆژئاوای وڵات ، بەڵام هەوڵدراوە هەرێمەکانی دیکەش رەوشی نائاسایی بیانگرێتەوە بەهۆی نیگەرانیەکانی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
حاڵەتی نائاسایی بۆ یەک مانگ سەپێندراوە و لە 7 ی ئەم مانگەوە دەستپێکردوە بەمەش توانای زیاتری داوەتە دەسەڵاتدارانی ژاپۆن قەدەغەی هاتنە دەرەوە بەسەر هاوڵاتیاندا پەیڕەوبکەن و کارداریەکان دابخەن ، لە ئێستادا حاڵەتی نائاسایی نزیکەی 44%ی دانیشتوان لە ژاپۆن دەگرێتەوە.
وەزیری تەندروستی ژاپۆن گوتی؛ بەرپرسان لە خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نیگەران بوون کە لە 7 ی ئەم مانگەوە هەتا دوێنێ 15 ی مانگ 2.2 هێند ڕێژەکەی زیادیکردوە. گوتیشی ئێـمە زۆر نیگەرانین لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە میانەی گەشتی هاوڵاتیان لە بۆنەی ناسراو بە ( هەفتەی زێڕین) بۆ ئەو شوێنانەی کە هێشتا حاڵەتی زۆری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا نەبووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز