ئاژانسی هەواڵەکانی دەوڵەتی ئێران رایگەیاند پۆلیسی وڵات گێڕانی ئاهەنگە نەریتیەکانی ساڵی نوێی لە وڵاتدا قەدەغەکردوە وەک بەشیک لە هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئاهەنگی چوارشەممە سوورە ساڵانە لە دوا ئێوارەی چوارشەممە دەگێردرێت بەر لە بۆنەی بەهارەی نەورۆز کە 20 مانگی ئازار دەست پێدەکات.
وەک نەریتێک ئێرانیەکان لە گێڕانی بۆنەکەدا باز بەسەر ئاگردا دەدەن کە تێدا زۆرێک لەوانە بە هۆی سوتاوییەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئێران لە مانگی رابردوەوە ئێران لە هەوڵو تەقەلادابووە بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئەوەی مەرگی 853 هاوڵاتی ئێرانی لێکەوتوەتەوە ، هەروەها نزیکەی 15 هەزار کەس توشی نەخۆشیەکە بوون ،
ئاژانسی هەواڵەکانی ئێرنا ی دەوڵەتی ئێرانی لەزاری جەنەراڵ " حوسەین رەحیمی" بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران دەگێڕێتەوە کە دوێنێ دووشەممە گوتبووی ؛ هەر گردبوونەوەیەک بە بۆنەی چوارشەممە سوورەوە لەلایەن پۆلیسەوە قەدەغەدەکرێت و پۆلیس بە زەبری هێز رووبەڕوی ئەوانە دەبێتەوە کە گرددەبنەوە.
کەیوان زاهیری بەرپرسێکی دیکەی پۆلیسی تاران داوای لە دانیشتوان کرد لە میانەی فێستیڤاڵەکەدا لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
ئاژانسی هەواڵەکانی ئێرنا لە زاری کەیوان زاهیری دەگێڕێتەوە کە گوتبووی ئەوانەی لە بۆنەکەدا دەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان شیانی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هەیە و بەمەش ئەرکەکان بۆ خۆیان وخانەوادەکانیان سەختر دەکەن .
ناوبراو گوتیشی ئاگرکردنەوەی بچوک و هەروەها گەمەی ئاگرین قەدەغەیە.
بە گوتەی ئاژانسی هەواڵەکان دەسەڵاتداران لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران وەک لە ئەسفەهان و گولستان و خوزستان ئەوانیش هاوڵاتیانیان ئاگادارکردۆتەوە ئاهەنگی فێستیڤاڵەکە نەگێڕن.
ئێران شوێنەوارەکانی سەردانکردنی شیعەکانیان داخستووە و خوێندنگەکان و هەروەها سازدانی بۆنە کلتوریەکان و وەرزشیەکانیان دواخستوە کە بە مەبەستی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هاوکات داواشی لە هاوڵاتیان کردوە بەر لە پشووەکانی ساڵی نوێ گەشت نەکەن هەروەها نوێژی هەینی و داوای دواخستنی خولی دووەمی هەڵبژاردنی تەشریعی کردووە.