Accessibility links

کۆرۆنا لە ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەی ئێران دەدات


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێن ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەی وڵاتەکەیان تووشی نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هاوکات ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی ئەم نەخۆشیـیە لە تەواوی وڵاتەکە گەیشتە 26 کەس.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئێران (ئیرنا) ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند مەعسومە ئیبتکار یاریدەدەری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژنان و خێزان تووشی نەخۆشیـیەکە بووە، دەڵێت فەریبا ئیبتیهاج بەڕێوەری پەیوەندیـیە گشتیـیەکان و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەعسومە ئەو هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکە موجتەبا زولنور سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ئەویش گوتی تووشی نەخۆشیـیەکە بووە. ناوبراو ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هەواڵەکەی ڕاگەیاند.

مەلایەکی ناوداریش بە نەخۆشیـیەکە گیانی لەدەستداوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فارس ڕایگەیاند حوجەت ئەلئیسلام هادی خسروشی بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی مەسیح دانشفاری لە شاری قوم گیانی لەدەستدا. ناوبراو 5 پەرتووکی نووسیوە و بە فارسی و عەرەبی چاپـکراون.

کاربەدەستانی ئێران بڕیاریان دا نوێژی هەینی لە تارانی پایتەخت و چەند شارێکی دیکە ئەنجام نەدرێت تاوەکو ڕێگری بکرێت لە تەشەنەکردنی نەخۆشیـیەکە.

هاوکات کیانوش جەهانپور سەرۆکی ناوەندی پەیوەندیـیەکانی گشتی و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئێران بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتە 26 کەس و ژمارەی تووشبووان گەیشتە 245 کەس.

بەپـێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران هەتا ئێستا لە کۆی 31 پارێزگاکەی ئێران، 20 پارێزگا حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیـیەکەی لێ تۆمارکراوە.

چاودێران پـێـیان وایە ژمارەی تووشبووان و قوربانیـیەکانی ئاکامی ئەم نەخۆشیـیە زۆر زیاترە لەوەی کاربەدەستانی ئێران بە فەرمی ڕایدەگەیەنن. هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ لە ناو ئێراندا نیـیە ئامارەکان ڕابگەیەنێت.

ئێران لە پاش چین دووەم وڵاتە زۆرترین گیان لەدەستدانی هەبێت بەهۆی ئەم نەخۆشیـیەوە.

بەپـێی دوایـین ئاماری فەرمی 82,588 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی نەخۆشیـیەکە بوون، لەوانە 2,814 گیانیان لەدەستداوە و 33,345 چاکبوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG