Accessibility links

ئێران دەڵێت 3 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی تۆمارکردووە


ئێران دەڵێت 3 حاڵەتی تووشبوونی دیکە بە نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمارکردووە، ئەمەش دوای ڕۆژێک لەوەی گیان لەدەستدانی 2 کەس لە شاری قوم ڕاگەیەندرا.

کیانوش جەهانپور بەرپـرسی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی بەپـێی ئەنجامی تاقیکرنەوە پـزیشکیـیەکان، دەرکەوتووە 2 کەسی دیکە لە شاری قوم و کەسێک لە شاری ئاراک کە هەرسێکیان ئێرانین تووشی نەخۆشیـیەکە بوون.

گوتیشی بەم 3 حاڵەتە نوێـیە، دەبێتە 5 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆماربکرێن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دوێنێ 2 کەسی ئێرانی بە تەمەن بەهۆی نەخۆشیـیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران هەموو قوتابخانە و زانکۆکان لەگەڵ شوێنەکانی وتنەوەی وانەی ئاینیان لە شاری قوم داخست بە ئامانجی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەسی دیکە تووشبووبێت.

لە لایەکی دیکەوە محەمەد مەهدی گویا جێگری وەزیری تەندروستی ئێران گوتی پـێناچێت ئەو کەس ئێرانیانەی تووشبوون لە نزیکەوە تێکەڵاوی کەسانی چینی بووبن. ئەمەش مەترسی لێدەکرێت کە نەخۆشیـیەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ناو ئێران گوێزرابێتەوە

کاربەدەستانی ئێران مەترسیان هەیە نەخۆشیـیەکە لەگەڵ ئەو کەسانە هاتبێتە وڵاتەکەوە کە لە پاکستان و ئەفغانستان و عێراق و ئازەربیجان هاتوون بۆ سەردانی شوێنە پـیرۆزەکانی شیعە لە قوم.

XS
SM
MD
LG