Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتە زیاتر لە 1100 کەس


بەرپرسانی تەندروستی چین ڕۆژی چوارشەمە ڕایانگەیاند کە ژمارەی مردووان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ زیاتر لە 1100 کەس بەرزبووەتەوە.

لێژنەی تەندروستی نیشتمانی چین ئەمڕۆ گوتی 97 کەسیان دوێنێ گیانیان لەدەستداوە وە لەوەتای لە مانگی ڕابردووەوە نەخۆشیـیەکە بڵاوبووەتەوە 44653 کەس تووشبوون.

هەندێک لە شارەزایان گومانیان لە دروستی ژمارەکان هەیە، چونکە پێیان وایە ئەستەمە هەمووحاڵەتەکان تۆمار کرابێتن.

ئەگەر ئەو ژمارانەی لە ڕۆژی سێشەمەدا بڵاوکرانەوە ڕاست بن، کە باس لە 2،105 حاڵەتی تووشبوونی نوێ دەکەن. ئەوا ژمارەی تووشبووان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ڕووی لە کەمی کردوە و ئەوەش جێگای خوشحاڵییە.

لە کاتێکدا زۆربەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کورۆنا لە وڵاتی چیندان، بەڵام بە سەدان کەسی دیکەش لە دەیان وڵاتی جیاواز، دوای گەڕانەوەیان لە گەشت بۆ چین تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.

گەورەترین حاڵەتی تووشبوونی بە کۆمەڵ، ئەو دۆخەیە کە ئێستا لەسەر کەشتیی یوکۆهۆمای ژاپۆنی بەرچاودەکەوێت. لە کۆی 3،700 سەرنشین، 174 کەسیان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کەوتوونەتە ژێر چاودێری ورد، بەرپرسان بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هەموو نەخۆشەکانیان تەواو دوورە پەرێز کردووە.

چین بە مەبەستی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەروازەی هاتووچۆی زۆر لە ناوچەکانی داخستوە.

ڕۆژی سێشەممە میدیا دەوڵەتییەکان ڕایانگەیاند کە 3 بەرپرسی فەرمی تەندروستی لە پارێزگای هۆبەی کە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، لە سەر کارەکەیان لابراون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە فەرمی ناوی نا لەم جۆرە نوێـیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش COVID-19، ڕۆژێک دوای ئەوەی تێدرۆس ئەدهانۆن گیبریسوس سەرۆکی WHO گوتی " بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو ئەو خەڵکانەی کە گەشتیان بۆ چین نەکردووە دەتوانیت" پڕیشکێک بێت ببێتە ئاگرێکی گەورە."

ئاماژەی کرد بە هەندێک حاڵەت لە فەرەنسا و بریتانیا گوتی "لە ڕۆژانی دواییدا هەندێک حاڵەتمان بۆ دەرکەوتووە کە تووشبووەکان گەشتیان بۆ چین نەکردووە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ڕێگە بە فەرمانبەرە ناسەرەکیـیەکانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هۆنگ کۆنگ دەدات خۆیان و خێزانەکانیان ئەوێ جێبهێڵن تاوەکو لەو نەخۆشیـیە پارێزراوبن.

جێگای باسە مانگی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندنێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە بۆ دیپلۆماتەکانی لە شارەکانی چین بە پەیژینی پایتەختیشەوە. هەروەها فەرمانیشیان دابوو بە کارمەندەکانیان لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری وهان ئەو شارە جێبهێڵن، کە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە.

حاڵەتی مردن بەهۆی ئەم جۆرە نوێـیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیاترە لەوەی نەخۆشی سارس، ئەوەی لە نێوان لە هەردوو ساڵی 2002-2003 بڵاوبووەیەوە و بووە مایەی گیان لە دەستدانی 774 کەس و تووشبوونی 8100 کەس لە چین و هۆنگ کۆنگ.

XS
SM
MD
LG