Accessibility links

جێرێمی کۆربین: جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن کارەسات دەبێت


سەرۆکی حیزبی کرێکارانی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین

ڕابەری حیزبی ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین وتی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن کارەسات دەبێت، وتیشی لەم کاتەدا داوای ئەوە دەکات ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی گشتپرسییەکی دیکە سەبارەت بەوەی بەڕیتانیا جیاببێتەوە لە یەکێتی ئەوروپا یاخوود بمێنێتەوە.

وتیشی بەمزووانە پێشنیاری دەنگدانێک دەکات بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو پلانەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە دەنگدانەکەی پەرلەمانی بەڕیتانیادا شکستی هێنا کە وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت.

لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانیدا جێرێمی کۆربین سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسیەکی دیکە وتی " بە ڕای من ئێستا باشترێکە لەڕێی دانوستانەکانەوە بگەین بەڕێکەوتنێک، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆمان بەدووربگرین لە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن چونکە ئەوە کارەسات دەبێت بۆ پیشەسازی و بازرگانی وڵاتەکە."

لەلایەکی دیکەوە ڕابەری حیزبێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا کە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە ڤینس کەیبڵ وتی پەرلەمانی بەڕیتانیا هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت کە بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیانەبێتەوە.

ڕۆژنامەی سەندەی تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتەوە بڵاویکردەوە ئەو پەرلەمانتارانەی کە دژی ڕێکەوتنەکەی تێریزا مەین بەنیازن کۆنتڕۆڵی خشتەی کارەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان بکەن بە ئامانجی ڕاگرتن یاخوود دواخستنی جیابوونەوەکە کە وابڕیارە لە 29 ی مانگی سێدا بەڕیتانیا بە فەڕمی لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG