Accessibility links

هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا: گوێبیستی پەیوەندییەکانی سەرۆک ترامپ لەگەڵ پوتن و سەرۆکەکانی دیکە دەبین


سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئادەم شێف
سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئادەم شێف

سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئادەم شێف وتی کۆنگرێس سوورە لەسەر ئەوەی گوێبیستی پەیوەندییە تەلەفونییەکانی سەرۆک ترامپ ببێت لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و ژمارەیەک سەرۆکی دیکەدا و ئاماژەی بەوەدا ترسی ئەوە هەیە سەرۆک ترامپ ئاسایشی نیشتیمانی خستبێتە مەترسییەوە.

شێف بە تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی وت " پێم وایە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و زانینی ئەوەی کە ئایا سەرۆک ترامپ لەمیانەی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکەکانی دیکەدا بەتایبەتی پوتن ئاسایشمانی خستۆتە مەترسییەوە یاخود نا."

دوای ئەوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و هاوتا ئۆکرانییەکەی ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی ئاشکرابوو کە تیایدا سەرۆک ترامپ داوای چاکەیەک دەکات لە سەرۆکی ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەربکەوێت، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئاخۆ هەڵسوکەوتەکانی سەرۆک ترامپ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و شەفافی هەڵبژاردنەکانی خستۆتە مەترسییەوە یاخود نا.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا سەرۆک ترامپ داوا لە هاوتا ئۆکرانییەکەی دەکات لێکۆڵینەوەیەک بکات سەبارەت بە جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و هەنتەری کوڕی کە پێشتر هەنتەر لە کۆمپانیایەکی گازی ئۆکرانیا کاری کردووە.

بایدن ئێستا خۆی کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و کاندیدێکی دیاری دیموکراتەکانە.

ئەم ڕووداوەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی هاندا تاوەکو لێکۆڵینەوەیەک بکات لەو بارەیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG