Accessibility links

کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پەسەند دەکات


کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020 ی پەسەندکرد و بەمەش دوا قۆناغی پـرۆسەی پـشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنی جۆو بایدن و کامڵا هێرس بە کۆتایی هات.

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە و پاش ئاسایی‌بوونەوەی دۆخەکە لە کۆنگرێس و دەرکردنی لایەنگرانی سەرۆک ترامپ لە بینای کۆنگرێس، هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات لە دانیشتنێکی هاوبەشدا دەستیانکردەوە بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکانیان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـرۆسەکە تەواوبوو.

بەپـێی دان سکەڤینۆ گوتەبێژی کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ پاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆنگرێسەوە لە بەیاننامەیەکدا گوتویەتی"هەرچەندە من بە تەواوی ناڕازیم لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕاستیـیەکان قسەکەم پشتڕاستدەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 20 ی مانگی یەک گواستنەوەیەکی ڕێک‌وپێک دەبێت."

بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگە مەراسیمی ڕادستکردنی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن بەڕێوەبچێت و لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە تەواوی دەسەڵاتەکانی سەرۆک ترامپی کۆماری دەدرێت بە جۆو بایدنی دیموکرات و وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت.

XS
SM
MD
LG