Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕەخنە لە کۆڵن پاوەڵ دەگرێت


سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە وەزیری پـێشووی دەرەوەی ئەمەریکا گرت، پاش ئەوەی لە بەرنامەیەکدا گوتبووی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەنگ بە سەرۆک ترامپ نادات، بەڵکو دەنگ بە جۆو بایدنی دیموکرات دەدات.

جەنەڕاڵ کۆڵن پاوەڵی کۆماری، وەزیری دەرەوە لە سەردەمی سەرۆک بوشی کور و سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆک بوشی باوک، لە میانەی چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN گوتی سەرۆک ترامپ پەیڕەوی دەستور ناکات و هەر کەسێک ڕەخنەی لێبگرێت هێرشی دەکاتە سەر.

سەرۆک ترامپ پاش ماوەیەکی کورت لە چاوپـێکەوتنەکە لەسەر تویتەرەکەی ڕەخنەی لێگرت و نووسی کۆڵن پاوەڵ زۆر بەرپـرسیاربووە لەو شەڕانەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووچاری بوو. گوتیشی پاوەڵ کاتی خۆی گوتی عێراق چەکی کۆمەڵکوژی هەیە کەچی وا دەرنەچوو و ئەمەریکا کەوتە شەڕەوە.

جەنەڕاڵ پاوەڵ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 وەک کۆماریـیەک دەنگی بە سەرۆک ترامپ نەدا.

جگە لە کۆڵن پاوەڵ، جێم ماتیس وەزیری پـێشووی بەرگری و مایکڵ موڵن و مارتن دێمپسی، هەردوو سەرۆکی پـێشووی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا ڕەخنەیان لە سەرۆک ترامپ گرت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ خۆپـیشاندانەکاندا.

XS
SM
MD
LG