Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە بەریەککەوتن دەریدەخات فڕۆکەوانی لە ژێر فشاردایە


لێکۆڵەرەوەی باڵای ڕووداوەکانی ئەمەریکا دەڵێت زیادبوونی حاڵەتەکانی نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە بەریەککەوتن لە فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکادا لەم ساڵدا " ئاماژەیەکی ڕوونی هۆشدارین " لەسەر ئەوەی سیستمی فڕۆکەوانی لە ژێر فشاردایە.

سەرۆکی دەستەی پارێزراویی گواستنەوەی نیشتیمانی جێنیفەر هۆمێندی بە کۆمیتەیەکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکای وت " لە کاتێکدا کە ئەم ڕووداوانە زۆر دەگمەنن، سیستمی پارێزراویمان ئاماژەی زۆر ڕوون دەردەخات لەسەر ئەو فشارەی کە ناتوانین پشتگوێی بخەین."

هۆمێندی هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هاتووچۆی ئاسمانی و کەمی کارمەندان لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیادیییان کردووە. وتی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ و هێڵە ئاسمانییەکان " ڕاهێنانی مانادار ناکەن " و زیاتر پشتییان بە ڕێنماییە کۆمپیوتەرییەکان بەستووە. هەروەها زۆریی خشتەی کارکردنی ناڕێک لە نێو فڕۆکەوانان و ئەوانەدا کە کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی دەکەن.

هۆمێندی وتی " کاتێک ئەو سەرقاڵی و ماندووییە دەبێت، شتەکانت لە دەست دەچێت، شتەکانت لە بیر دەچێت."

دەستەی پارێزراوی گواستنەوەی نیشتیمانی لێکۆڵینەوە لە شەش حاڵەتی نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان دەکات لە بەریەککەوتن. بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی لە ساڵی دارایی ڕابردوودا کە لە 1 مانگی 10 دا کۆتایی هات، 23 حاڵەتی مەترسیدارترین جۆری نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە بەریەککەوتن تۆمار کردووە. ساڵی ڕابردوو 16 حاڵەت هەبوون و 10 ساڵیش لەمەوبەر 11 حاڵەت هەبوون.

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە تەنها باسێکی کەم کراوە لەسەر تەندروستی دەروونی فڕۆکەوانەکان، کە لە مێشکی گەشتیاراندایە، ئەوەش بەهۆی دەستگیرکردنی فڕۆکەوانێکی دەرەوەی ئەرک کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەکارخستنی فڕۆکەیەک لە ناوەڕاستی فڕین دەستگیرکراوە و هاوفڕۆکەوانێکیش کە گوایە هەڕەشەی تەقەکردنی لە کاپتنەکەی کردووە. ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوە داوە کە پشکنینی فیدڕاڵی پشت بە ڕاپۆرتی تایبەتی فڕۆکەوانەکان دەبەستێت بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە ئایا دەرمان دەخۆن یان چارەسەر وەردەگرن بۆ نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکو خەمۆکی یاخود نا.

بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی وتی کۆمیتەیەک دروست دەکات کە پێکهاتبێت لە شارەزایانی تەندروستی و فڕۆکەوانی تاوەکو پێشنیار بکەن لەسەر " چۆنێتی شکاندنی ئەو بەربەستەی کە ڕێگری دەکات لەوەی فڕۆکەوانەکان ڕاپۆرت بدەن لەسەر کێشە دەروونییەکانییان بۆ بەڕێوبەرایەتییەکە."

دانیشتنەکەی سینات هیچ بیرۆکەیەکی نوێی لێنەکەوتەوە بۆ زیادکردنی پارێزراویی، بەڵام هۆشدارییەکی نوێی هێنا سەبارەت بە تێکچوونی گەشتەکان لە ماوەی پشووەکانی دواتردا چونکە بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ کارمەندی تەواویی کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆی ئاسمانی نیە.

سەرۆکی دەستەی کۆنتڕۆڵکەرانی هاتووچۆی ئاسمانی نیشتیمانی ڕیچ سانتا وتی " لە ڕووی کارمەندانی کۆنتڕۆڵەوە، لە ساڵی ڕابردوو باشتر نین. پێم وایە ژمارەکانی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ خۆشی ئاماژەن لەسەر ئەوەن لەسەر ئەوەی کە تەنها شەش کارمەندی زیاتری کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆی ئاسمانیمان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا."
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، مەترسیدارترین ڕووداوی نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە بەریەککەوتن لە ئۆستنی ویلایەتی تێکساس ڕوویدا، بەهۆی خراپی بینینەوە لە بەرەبەیاندا، کاتێک فڕۆکەیەکی بارهەڵگری فێدێکس ئامادەکاری دەکرد بۆ نیشتنەوە، بەسەر فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ساوث وێستدا فڕی کە خەریکی هەستان بوو. دەستەی پارێزراویی گواستنەوەی نیشتیمانی وتی تەنها 30 مەتر دووربوون لە یەکترەوە.

کارمەندێکی کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆی ئاسمانی بە هەردوو فڕۆکەکەی وت دەتوانن هەمان ڕێڕەو بەکاربهێنن، لە ڕووداوەکانی دیکەشدا فڕۆکەوانەکان شکستییان هێناوە لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی کارمەندەکانی کۆنتڕۆڵکردندا.

XS
SM
MD
LG