Accessibility links

هێلەری کلنتن: هیوادارم دۆناڵد ترەمپ بـبێتە سەرۆکێـکی سەرکەوتووی ئەمەریکا


هێلەری کلنتن دەڵێت پـیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و هیوا دەخوازێت بـبێتە سەرۆکێـکی سەرکەوتووی ئەمەریکا.

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی 2016 ی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە نیویۆرک وتاری شکستهێنانی لە هەڵبژاردنەکەدا پـێشکەشکرد و گوتی ئەمە ئەو ئەنجامە نەبوو کە دەیانخواست.

سوپاسی لایەنگرانی خۆی کرد بۆ ئەو پـشتیوانیـیە توندەی لێـیان کردبوو لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە و گوتی "ئەزانم چەندە بێ ئومێد بوون و هەروەها منیش و دەیان ملیۆن ئەمەریکایی دیکە لەوانەی خەونیان بە سەرکەوتنی دیموکراتەکان دەبینی."

گوتی "دەبێت ئەنجامەکان قبوڵ بکەین و چاومان لە ئایندەبێت. ترەمپ دەبێت بە سەرۆکمان و لەسەرمانە بواری بدەینێ ڕابەرایەتی ئەمەریکا بکات."

لە درێژەی وتارەکەیدا خانم هێلەری کلنتن گوتی ئێستا وەکو هاوڵاتی دەبێت ڕۆڵی خۆمان بـبینین لە بنیادنانی ئەمەریکایـیەکی بەهێزتر و دادپەروەرانە تر.

سوپاسی تیم کەینی جێگری کرد لە بەرامبەر بەشداریکردنی لەگەڵیدا و گوتی لە ڕیزی پـێشەوەی دیموکراتەکان دەمێنێتەوە و لە ئەنجومەنی سینات نوێنەرایەتیـیان دەکات.

هەروەها سوپاسی سەرۆک ئۆباما و میشێلی هاوسەری کرد و گوتی وڵاتەکەمان قەرزارتانە و سوپاستان دەکات. دواتر سوپاسی بێل کلنتنی هاوسەری و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کرد کە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە لەگەڵیدا بوون.

پاشان ڕووی دەمی کردە گەنجانی ئەمەریکا و گوتی "هەموو ژیانم بەسەربردووە لە پـێناو ئەوەی بڕوام پـێی هەیە، زۆر جار سەرکەوتوو بووم و زۆر جاریش شکستم هێناوە، هەندێـک جار شکستەکان قورس و ئازاربەخش بوو. زۆر لە ئێوە هێشتا لە سەرەتای ژیانی گشتی و سیاسی خۆیەتی و دووچاری سەرکەوتن و شکستیش دەبن. ڕاستە شکستهێنان ئازاربەخشە، بەڵام هەرگیز کۆڵ نەدەن لە پـێناو ئەوەی بڕواتان پـێی هەیە."

XS
SM
MD
LG