وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن له هندستانه که له‌وێ داوا له نیوده‌لهی ده‌کات ئاستی کڕینی نه‌وت له ئێران که‌م بکاته‌وه.
کلنتن له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه گه‌یشته که‌لکه‌تا پاش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ به‌نگلادیش و چین. ئه‌و له ڕۆژی دووشه‌ممه به‌ره‌و نیوده‌لهی به‌ڕێ ده‌که‌وێت به مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تدا.
هندستان پشتبه‌ستنی به نه‌وتی ئێران به ڕێژه‌یه‌کی که‌م که‌مکردووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌م وڵاته‌ی باشوری ئاسیا پێویستی به سوته‌مه‌نییه‌که‌ی ئێجگار زۆر هه‌یه که له گه‌شه‌سه‌ندنێکی به‌ردوام دایه. هندستان به توندی ڕه‌خنه له‌و یاسایه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌گرێت که سزا ده‌خاته سه‌ر بانکی هه‌ر وڵاتێک که نه‌وت له ئێران بکرێت.
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان خستۆته سه‌ر ئێران بۆ به‌رنامه ناوکییه گومان لێکراوه‌که‌ی.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی کلنتن بۆ هندستان هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ردانی شاندێکی بازرگانانی ئێران.
سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له به‌نگلادیش خاتو کلنتن به ئاماده‌بووانی ڕاگه‌یاند ئه‌و پشتیوانی له کاره‌کانی بانکی گرامین و دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ محه‌مه‌د یونس ده‌کات. کلنتن گوتی نایه‌وێت کاره‌کانی یونس له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌نگلادیشه‌وه بنکۆڵ بکرێن.
کلنتن کۆبوونوه‌یه‌کی تایبه‌تیشی له‌گه‌ڵ یونس ئه‌نجام دا که له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بانکی گرامین لابراوه.